پزیشکێکی سەربازی: نابێت لە جەنگدا بەپەلە بچیتە لای بریندار

د. میدیا کامەران فوئاد مەستی
د. میدیا کامەران فوئاد مەستی

پزیشکیی سەربازی، ئەو بەشەی زانستی پزیشکییە کە پەیوەندیی بە چارەسەر و رێگریکردنی ئەو نەخۆشی و حاڵەتە پزیشکیانەوە هەیە کە تایبەتن بە سەربازان و ئەو کەسانەی لە کەرتی سەربازیدا کاردەکەن. لە قۆناغەکانی سەرەتادا، ئەم بەشە زیاتر کاری لەسەر کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان دەکرد. دانانی پلان و راهێنانکردن لەسەر نەشتەرگەریکردن لە کاتی رووداوی گەورەدا، یەکێکی دیکەیە لە ئەرکەکانی پزیشکی سەربازی.

را‌هێنانی پزیشکیی سەربازی

سەبارەت بەم پسپۆڕییە پزیشکییە، نەقیب دکتۆر شاکێو شێرزاد، پزیشکی پایەبڵندی نەشتەرگەریی مێشک و دەمار و پزیشکی سەربازی، بە کەناڵ8ی گوت: "پزیشکی سەربازی هەر پزیشکێکە کە لە وەزارەتی بەرگری، وەزارەتی پێشمەرگە یان هەر وەزارەتێکی دیکەی تایبەت بە کاروباری سەربازیی وڵاتێک کاردەکات. جیاوازی کاری پزیشکی سەربازی و پزیشکی مەدەنی ئەوەیە کە پزیشکی مەدەنی کاری پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکییە بە سەرجەم هاوڵاتیانی وڵاتەکە، ئەم خزمەتگوزارییە پزیشکییە لەو وڵاتانەی کە خزمەتی سەربازی ناچارییە، ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە خزمەتی سەربازی دەکەن و ئەو کەسانەش کە نایکەن، بەڵام پزیشکی سەربازی، کە لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتەیە و لە کوردستان سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیە، ئەرکی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پزیشکی لەسەرشانە بەرامبەر هێزە سەربازییەکان، لە کاتی جەنگ و لە کاتی ئاشتی و ئارامییشدا، ئەم خزمەتگوزارییەش دەکرێت لە ناو نەخۆشخانە یان لە ناو یەکە سەربازییەکان پێشکەشبکرێن."

نەقیب دکتۆر شاکێو شێرزاد

سەبارەت بە فراوانیی ئەرکی پزیشکی سەربازی، د. شاکێو گوتیشی: "ئەرکی پزیشکی سەربازی دەکرێت لە یەکەیەکی بچووکی سەربازیی گەڕۆکدا بێت و دەشکرێت ئەرکی بەڕێوەبردنی نەخۆشخانەیەکی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی لە ئەستۆدا بێت."

لە درێژەی قسەکانیدا، پزیشکەکە گوتیشی: "یەکێکی دیکە لە جیاوازییەکانی پزیشکی سەربازی و پزیشکی مەدەنی، ئامادەبوونی بەردەوامە. پزیشکی سەربازی دەبێت بەردەوام ئامادەبێت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتی تەندروستی بە سەربازان، هاوکات پێویستە لە رووی تەندروستی و جەستەییەوە سەربازان ئامادەبکات بۆ کەمکردنەوەی زیانی جەستەیی و ژمارەی قوربانیان. پێویستیشە پزیشکی سەربازی پڕکەرەوەی ئەو بۆشاییانە بێت کە لە کەرتی تەندروستیی سەربازیدا هەن و بیر لەو حاڵەتە تەندروستیانە بکاتەوە کە لە ناو سەربازاندا زیاتر روودەدەن، وەکو شکاوی، نەخۆشییە هەناوییەکان، بەرکەوتن و زەبری سەر و بڕبڕەکانی پشت، نەخۆشییە گوازراوەکان و نەخۆشییە دەروونییەکان."

پاراستنی نهێنیی نەخۆش، بە گوتەی پزیشکەکە، یەکێکی دیکەیە لەو خاڵانەی پزیشکی مەدەنی و پزیشکی سەربازی جیادەکاتەوە: "پزیشکی مەدەنی، ئەرکێکی زانستی و ئەخلاقی لەسەر شانە کە نیشانەکانی نەخۆشیی نەخۆشەکەی، جۆری نەخۆشییەکەی و چارەسەرەکەی بە نهێنی بهێڵێتەوە و ئاشکرای نەکات، بەڵام پزیشکی سەربازی، سەرەڕای ئەرکە ئەخلاقییە پزیشکییەکەی، ئەرکێکی سەربازیشی لەسەرە کە نهێنی نەخۆشەکەی نەدرکێنێت، بە هۆکاری زانستی و هۆکاری سەربازییش."

پزیشکی سەربازی، وەکو د. شاکێو دەڵێت، دەبێت یان هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسی کۆلێجی سەربازی بێت، یان بڕوانامەی خولی راهێنانی سەربازی هەبێت تاوەکو بتوانێت وەکو پزیشکی سەربازی کاربکات.

سەبارەت بە جیاوازی کاری پزیشکی سەربازی لە کاتی ئاشتی و لە کاتی جەنگدا، پزیشکە پایەبڵندەکە گوتی: "ئەرکی پزیشکی سەربازی لە رۆژانی ئاشتی و رۆژانی جەنگدا جیاوازە، گرنگە لە کاتی ئاشتیدا، یەکەی پزیشکی ئامادەبکرێت بۆ بەرەکانی جەنگ و راهێنانی تایبەت بە کارمەندانی تەندروستیی سەربازی بکرێت تاوەکو ئامادەییان زیاتربێت."

پزیشکی سەربازی، سەرەڕای ئەرکە سەربازییەکەی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستیی سەربازی، هاوکات وەک هێڵێکی یاریدەدەریش لە پشت پزیشکانی مەدەنییەوە کاردەکات بۆ کاتی قەیران و کارەساتەکان، سەبارەت بەم ئەرکەی پزیشکانی سەربازی، پزیشکە سەربازییەکە ئەوەشی بۆ قسەکانی زیادکرد: "باشترین نموونە رۆڵی کارمەندانی سەربازیی تەندروستیی چین بوو لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، کە بەشێکی گەورەی پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکەیان گرتە ئەستۆ. لە کاتی رووداوە گەورەکان و کارەساتە مرۆییەکاندا، پزیشکانی سەربازی، کە بەردەوام وەکو هێڵێکی یاریدەدەر لە پشت پزیشکانی مەدەنییەوە ئامادەن، دێنە هێڵی پێشەوە و هاوشانی هاوکارەکانیان خزمەتگوزاریی پزیشکی پێشکەشدەکەن. هاوکات چارەسەرکردنی بریندارانی چەکە کیمیایی و بایۆلۆجییەکانیش، هەر ئەرکی پزیشکانی سەربازییە."

چەند پزیشکێکی سەربازی لە کاتی ئەرکدا

د. میدیا کامەران فوئاد مەستی، کە کۆلێجی پزیشکی لە زانکۆی کەرکوک تەواو کردووە ، پزیشکی پایەبڵندی نەخۆشییەکانی نەشتەرگەریی رێککاری و جوانکارییە و ئێستا بەڕێوەبەری ناوەندی راهێنانی پزیشکیی سەربازییە لە سلێمانی، بە کەناڵ8ی گوت: "شێوازی وەرگرتن وەک پزیشکی سەربازی لە هەرێمی کوردستان جیاوازە لە عێراق. لە کۆلێجی پزیشکیی زانکۆی کەرکوک، هەر لە قۆناغی دووەوە، چەند خوێندکارێک هەبوون کە سەر بە وەزارەتی بەرگری بوون، کار و رێوشوێنی هاتنە سەر کاری تایبەت بە خۆیانیان هەبوو، مووچەیان هەبوو و پاش دەرچوون لە کۆلێج، راستەوخۆ دەچوونە سەر وەزارەتی بەرگری. ئەمە لە کوردستان جیاوازە و پێویستە سەرەتا وەک هەر خوێندکارێکی دیکە، کۆلێجی پزیشکی تەواو بکەیت، پاشان چەند هەڵبژاردەیەکت هەیە، هەڵبژاردە باوەکە ئەوەیە کە لەسەر وەزارەتی تەندروستی دادەمەزرێن، یان ئەوانەی ئارەزووی دامەزراندن دەکەن لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە، هەوڵی دامەزراندن دەدەن لەو وەزارەتە. من بە هۆی ئەوەی لە خێزانێکی کوردپەروەر بووم و لە خێزانەکەمدا شەهیدمان هەیە، بەردەوام ئارەزووم کردووە لە کاری پزیشکیمدا خزمەتی پێشمەرگە بکەم، ئەوەش پاڵنەری سەرەکیم بوو بۆ کارکردنم وەک پزیشکی سەربازی. وەک سەرەتا، ئەگەر کەسێک بیەوێت ببێتە پزیشکی سەربازی، دەبێت بەکالۆریۆس لە پزیشکیی گشتیدا بهێنێت."

ئەفسەری پلە یەک د. میدیا کامەران فوئاد مەستی

د. میدیا، کە یەکەمین کوردە لە ئەکادیمیای شاهانەی سەربازیی بەریتانی دەرچووبێت، سەبارەت بە کاری پزیشکی سەربازیی لە بەریتانیا دەڵێت: "لە بەریتانیاش ئەگەر کەسێک بیەوێت ببێتە پزیشکی سەربازی، دەتوانێت لە تەمەنی 18 ساڵییەوە بچێتە سەر یەکە سەربازییەکانی بەریتانیا، پاشان ئەو کۆلێجە دەخوێنێت کە خۆی دەیەوێت و پاش دەرچوون، بە بەردەوامی کار بۆ هێزی سەربازیی بەریتانیا دەکات. لە هەمان کاتدا، ئەکادیمیاکە ئەو کەسانەش وەردەگرێت کە لە بەریتانیا ناژین و لە 18 ساڵییەوە نەچوونەتە سەر هێزە سەربازییەکان، منیش وەکو یەکەمین کورد لەو ئەکادیمیایە دەرچووم. ئەو کەسانەی وەک من، بڕوانامەی کۆلێجێکی دیکەیان هەیە، دەتوانن لەم رێگەیەوە داواکاری پێشکەش بکەن بۆ وەرگیران لەم بەشەی ئەکادیمیاکە، کە دواتر وەک کارمەند کار بۆ هێزە سەربازییەکان دەکەیت و هاوکات دەتوانیت ئەرکەکەی خۆشت لە دەرەوەی هێزەکان بەردەوام بێت، هەر لەوێ, لەو کاتەدا کە من دەمخوێند، هەندێک خوێندکاری دیکە هەبوون کە کۆلێجی پەرستاری یان یاسایان تەواو کردبوو."

د. میدیا، کە پاش تەواوکردنی خولە سەربازییەکەی لە ئەکادیمیای شاهانە، بۆ ماوەی ساڵێک لە بەریتانیا ماوەتەوە، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "لە کوردستان ئەم جۆرە خولانەمان نییە، چونکە ئەمە پسپۆڕیی تایبەتە، من پاش تەواوکردنی خولەکەم، بۆ ماوەی ساڵێک لە بەریتانیا مامەوە و راهێنانی تایبەتم بە پزیشکیی سەربازی وەرگرت، ئەم خولە تایبەتە بەو کەسانەی دەیانەوێت ئەفسەری سەربازییش بن و پزیشکیش بن و وەکو پزیشک لە یەکە سەربازییەکاندا کاربکەن. لە ماوەی ئەو ساڵەدا، چەند کۆرسێکی ئەکادیمیم خوێند، سەرەتا وانەکانی کۆرسەکە زیاتر تیۆری بوون و تایبەت بوون بەوەی لە جیهاندا چۆن توێژینەوە دەکرێت و زانیاریی پزیشکی کۆدەکرێتەوە بۆ باشترکردن و بەرەوپێشبردنی دۆخی پزیشکیی سەربازی، دواتر کۆرسی تایبەتمان بە فریاکەوتنی پزیشکیی تایبەت بە جەنگ خوێند، کە چۆن لە کاتی جەنگ و رووبەرووبوونەوەی سەربازیدا، وەکو پزیشک بتوانیت چارەسەری بەرکەوتووان بکەیت. واتا من بە وردی هەموو ئەو قۆناغانەم خوێند کە چۆن لە جەنگدا لە بریندار نزیک ببیتەوە، سەرەتا پێویستە بەرگری لە خۆت بکەیت و خۆت بپارێزێت، نابێت بەپەلە لە نەخۆش نزیکببیتەوە، چونکە رەنگە ژیانی خۆت بخەیتە مەترسییەوە، بۆیە سەرەتا بە هێواشی نزیکدەبیتەوە ئەگەر سەلامەت بێت و دواتر بە شێوازی زانستی لە بریندارەکە نزیک دەبیتەوە، کە ئەم نزیکبوونەوەیەش تەواو جیاوازە لە نزیکبوونەوەی نەخۆش لە کەرتی مەدەنیدا. سادەترین نموونە ئەوەیە، لە نەخۆشخانەکاندا، یەکەم شت دەبێت کانیولا بۆ نەخۆش دابنرێت، بەڵام لە کاتی کارکردندا وەک پزیشکی سەربازی، دوایین شت کانیولا دادەنێیت، چونکە پرۆسەی چارەسەرکردنەکە بە تەواوی جیاوازە، چونکە پێویستە سەرەتا بریندارەکان بدۆزیتەوە و دواتر بە پێی دۆخی ئەو برین و زەبرەی بەریانکەوتووە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکەیت."

ئەکادیمیای سەربازیی شاهانەی بەریتانیا - ساندهێست

پزیشکەکە لە درێژەی قسەکانیدا بۆ کەناڵ8 گوتیشی: "جیاوازییەکە ئەوەیە لە نەخۆشخانە، نەخۆشەکە زۆرجار خۆی دێتە لای پزیشک، یان کەسوکارەکەی دەیهێنن، بەڵام لە جەنگدا، دەبێت بریندارەکە بدۆزرێتەوە، هاوکات پزیشک هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکات و مەرج نییە بتوانێت لە بریندارەکە نزیکببێتەوە، دەبێت بزانێت ئایا دەتوانێت نزیک ببێتەوە یان هێشتا جێی مەترسییە، دواتر چارەسەرمان هەیە لە شوێنێکدا کە جەنگی تیانییە، چارەسەریشمان هەیە لە ژێر فیشەکی دوژمندا، بەوجۆرە لە کاتی دۆزینەوەی برینداردا، دەبێت بریندارەکە بگوازرێتەوە بۆ شوینێکی ئارام کە بتوانرێت چارەسەری تێدابکرێت، ئەو چارەسەرەش جیاوازترە، چونکە کەرەستەی زیاترت لەبەردەستدایە و کاتیشت زیاترە وەکو پزیشک. دواتر بریندار دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی تایبەت بە جەنگ و پاشان بۆ نەخۆشخانەیەکی دیکە کە تایبەت نییە بە جەنگەکە، بەڵکو تایبەتە بە سەربازان و چارەسەرێکی وردتری تێدادەکریت."

سەبارەت بە کۆرسی تایبەت بە "لە رێگەی نەخۆشخانەدا"، کە ناوی کۆرسەکەیە و تایبەتە بە دروستکردنی سیناریۆی جەنگیی تایبەت و شێوازی گواستنەوەی نەخۆش لە شوێنی برینداربوونییەوە بۆ نەخۆشخانە، پزیشکەکە گوتی: "من لە بەریتانیا ئەم کۆرسەم بینیوە، لەو تیمەدا دەبێت پزیشکێکی نەشتەرگەری هەبێت، پزیشکێکی بێهۆشکاری هەبێت و دوو پەرستاریش ئامادەبن، پاشان سیناریۆیەکت بۆ ئامادەدەکرێت و لە ساتی برینداربوونی سەربازەکەوە 20 خولەکت بۆ دادەنرێت، پێویستە لەو ماوەیەدا نەشتەرگەریی پێویستت بۆ سەربازە بریندارەکە کردبێت."

د. میدیا، کە ئێستا بەڕێوەبەری ناوەندی مەشقی پزیشکیی سەربازییە لە سلێمانی، کە یەکەمین سەنتەری تایبەت بە راهێنانی پزیشکیی سەربازییە لە هەرێمی کوردستان و ناوەندەکە بە گوتەی د. میدیا لە لایەن هێزەکانی هاوپەیمانان و بەتایبەتتر هێزەکانی ئەڵمانیاوە پاڵپشتی دەکرێت و ئەو سیستمە پزیشکییە سەربازییەش کە بەکاریدەهێنن، تایبەتە بە ناتۆ. واتا ئەگەر لە کاتی جەنگێکی لەناکاودا، هێزەکانی بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئەمریکا، فەرەنسا و ئیتاڵیا بەشداربن، هەموویان لەیەک تێدەگەن و بە یەک زمان قسە دەکەن، ئەویش ئەو زمانی چارەسەرەیە کە لە راهێنانەکاندا دەیخوێنن. ئێمەش لە ناوەندەکەمان بە هەمان ستاندارد و بە هەمان شێوە دەیڵێینەوە."

ناوەندی راهێنانی پزیشکیی سەربازی - سلێمانی

سەبارەت بە پرسیارێکی کەناڵ8 تایبەت بەوەی قورسترین بڕیار کە پزیشکێکی سەربازی لە کاتی کارەکەیدا بیدات چییە، پزیشکەکە گوتی: "قورسترین بڕیار ئەوەیە لە کاتی جەنگدا لە بریندارەکە نزیک دەبیتەوە یان نا، چونکە برینەکە هەرچەند قورس بێت، پزیشکەکە دەبێت بیر لە سەلامەتی خۆشی بکاتەوە، ئەگەر نا، خۆشی و بریندارەکەش دەبنە قوربانی. دەبێت پزیشک لەو کاتانەدا زۆر بە وریاییەوە مامەڵە بکات، هەنگاوێکی گرنگی چارەسەر ئەوەیە بزانێت ئایا بریندارەکە هۆشی هەیە یان نا، ئەگەر هۆشی هەبێت، ئەوە ئێجگار گرنگە، چونکە دەتوانێت هاوار بە سەر بریندارەکەدا بکات کە تۆرنیکاکەی ببەستێت، یان لەسەر سک یان بە گاڵگۆڵکێ بێتە لای پزیشکەکە بۆ ئەوەی هەردووکیان نەبنە قوربانی. لە هەمان کاتدا، نابێت بە هەست و سۆزەکانی بڕیار بدات و پێویستە بە شێوەیەکی زانستی بڕیاربدات، چونکە ئەگەر بە هەست و سۆز بڕیاربدات، رادەکاتە لای بریندارەکە و رەنگە هەردووکیان بمرن."