لویس ئارمسترۆنگ.. ئاوازێک بۆ ژیانێکی جوانتر

حەسەن فەلاح 2 کاتژمێر پێش ئێستا
  • لە دیارترین ژەنیار و گۆرانیبێژانی جازە لە جیهاندا
  • موزیکی سوینگی بەرەوپێش بردووە
  • جازی بردووەتە قۆناغی هاوچەرخ
  • خاوەنی زیاتر لە سێ هەزار تۆماری موزیکییە
  • لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، وەکو باڵیۆزی موزیکی کاری کردووە

لویس ئارمسترۆنگ، یەکێکە لە دیارترین موزسیان و گۆرانیبێژە ئەفریقییە ئەمریکییەکانی قۆناغی کلاسیکی موزیکی جاز لە ئەمریکا، ئەم هونەرمەندە، ڕێکەوتی شەشی تەممووزی 1971 لە تەمەنی 69 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.


قۆناغەکانی سەرەتای ئارمسترۆنگ:

  • لە خێزانێکی هەژار و نەدار لەدایکبووە
  • لە تەمەنی 11 ساڵیدا، یەکەم کۆنسێرتی موزیکیی خۆی ئەنجامداوە
  • بەهۆی نەدارییەوە نەیتوانیوە ئامێری موزیکیی بکڕێت
  • خێزانێکی جوولەکەی کۆچبەر، یەکەم ئامێری موزیکییان بۆ کڕیوە
  • لە قۆناغی هەرزەکاریدا وەکو یەکێک لە باشترین موزسیانەکانی ناوچەی نیو ئۆرلیەنز کاری کردووە و موزیکی بۆ باندە جازەکان ژەنیوە

لویس ئارمسترۆنگ، یەکێک بووە لە دیارترین ئەو هونەرمەندانەی کە بەشێوەی سەربەخۆ و تاکژەنی کاری کردووە، شێوازی تایبەت بە خۆی هەبووە و توانیویەتی ڕەنگدانەوەی گەورەی هەبێت لەسەر شێوازی زۆرینەی باندە موزیکییەکانی دیکەی جاز:

  • وێڕای ژەنینێکی زۆر باش، خاوەنی دەنگێکی زێڕین بووە، زۆرینە بە دەنگی ڕۆحە بەسۆزەکان ناوی دەبەن
  • کارەکتەری سەرەکی بووە لە داهێنان و بەرەوپێشبردنی موزیکی سوینگ
  • ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە گواستنەوەی قۆناغی نەریتیی جاز بۆ شێوازی هاوچەرخ

ئارمسترۆنگ یەکێک بووە لە دیارترین هونەرمەندەکانی بواری موزیک کە توانیویانە لەمیانی ژیانی هونەریی خۆیاندا ژمارەیەکی زۆر لە کاری هونەریی ئەنجامبدەن و کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگە دروستبکەن:

  • خاوەنی زیاتر لە سێ هەزار تۆماری موزیکییە
  • داواکاری گەورەی پاراستنی مافی کۆمەڵایەتیی خەڵک بووە و دژی ڕەگەزپەرستیی دەنگی بەرزکردووەتەوە
  • لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، وەکو باڵیۆزی موزیکی کاری کردووە

لە دیارترین کارەکانی بریتین لە:

What a Wonderful World

La vie en rose

Go Down Moses

Hello Dolly

حەسەن فەلاح

2 کاتژمێر پێش ئێستا