چۆن بزانرێت کەسێک تووشی بەکتریای گەدە بووە؟

دەشێت بە ئاسانی رێگری لێبکرێت
دەشێت بە ئاسانی رێگری لێبکرێت

بوونی بەکتریای گەدە دەشێت ببێتەهۆی تووشبوون بە برین و هەوکردنی گەدە و کۆمەڵێک گرفتی جەستەیی دیکە. ئەم بەکتریایە زیاتر لە منداڵاندا باوە. ئەگەر ئەم گرفتە دەستنیشانبکرێت، دەتوانرێت لە رێگەی دەرمانەوە بەکتریاکان بە ئاسانی لەناوببرێن.

ئەو بەکتریایەی لە گەدەدا دەژیت و خەڵکی بەدەستییەوە دەنالێنن، بە بەکتریای ”هێلیکۆبەکتەر پایلۆری“ ناودەبرێت. پێشتر زانایان درکیان بەوە کردبوو کە هیچ زیندەوەرێک ناتوانێت لە ناوەندێکی ترشی وەکو گەدەدا بژی، بەڵام پەیوەست بەم بەکتریایە، زیندەوەرەکە لەو لینجەماددەیەدا دەژیت کە لە رووپۆشی ناوەوەی گەدەدا بوونی هەیە. توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەدەن نزیکەی لە 50% بۆ 75%ـی خەڵکی جیهان ئەم بەکتریایەیان هەیە.

ئایا ئەم بەکتریایە دەگوازرێتەوە؟

بەکتریای هێلیکۆبەکتەر پایلۆری دەشێت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە بگوازرێتەوە. هەڵبەتە ئەم بەکتریایە لە لیک و پیسایی مرۆڤدا ئامادەیی هەیە و دەشێت لە رێگەی ماچکردن، یاخود دەستەکانەوە بگوازرێتەوە بۆ کەسێکی دیکە، تەنانەت زانایان ئاماژە بەوە دەدەن کە دەشێت لە رێگەی خۆراک و ئاوی پیسبوو بەم بەکتریایەوە نەخۆشییەکە بگوازرێتەوە

نیشانەکان

بەشی زۆری منداڵان و کەسانی تووشبوو بەم نەخۆشییە هەست بە بوونی هیچ نیشانەیەک ناکەن، تەنیا لە 20%ـی تووشبووان نیشانەیان هەیە. نیشانەکان بەگشتی خۆیان دەبیننەوە لە:

  • ئازاری گەدە
  • لەدەستدانێکی پێشبینینەکراوی بارستایی لەش
  • رشانەوە و دڵتێکهەڵاتن
  • لەدەستدانی ئارەزووی خواردن
  • رەشبوونی پیسایی

دەستنیشانکردن

ئەگەر گومانت لە بوونی ئەم بەکتریایە هەبوو، دەتوانیت سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەیت، بە مەبەستی ئەنجامدانی پشکنینی تاقیگەیی پێویست بۆ پشتڕاستکردنەوەی بوون یاخود نەبوونی حاڵەتەکە. رێگە زانستییەکانی دەستنیشانکردن بریتیینلە پشکنینی هەناسە و پیسایی. کاتێک گرفتەکە دەستنیشانکرا، پزیشکی پسپۆڕ لە رێگەی دابینکردنی کۆمەڵێک دەرمانی تایبەتمەندەوە بەکتریاکە لەناودەبات و بەرەنجام کەسەکە لەم نەخۆشییە رزگاریدەبێت.

رێگریکردن

دەشێت خۆت لە تووشبوون بەم بەکتریایە بپارێزیت، لە رێگەی پەیڕەوکردنی کۆمەڵێک رێنمایی تەندروستیی باوەوە، لەوانەش:

  • شۆردنی دەستەکان بە بەردەوامی، بە تایبەت لە پێش ژەمەکان
  • دڵنیابوونەوە لە پاکیی ئاوی خواردنەوە
  • دوورکەوتنەوە لە خواردنی نەکوڵاو
  • دوورکەوتنەوە لە خواردنی دەرەوە