ئارسەر کۆنان دۆیڵ.. ئەو پیاوەی شێرلۆک هۆڵمسی زیندووکردەوە

حەسەن فەلاح 3 کاتژمێر پێش ئێستا

ئارسەر کۆنان دۆیڵ، یەکێکە لە دیارترین نووسەرەکانی وڵاتی سکۆتلاند، دروستکەری یەکێک لە دیارترین کارەکتەرە ئەدەبییەکانی مێژووە بەناوی شێرلۆک هۆڵمس، دۆیڵ، ڕێکەوتی حەوتی تەمموزی 1930 لە تەمەنی 71 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.

پزیشک بووە

دۆیڵ یەکێک بووە لە 10 منداڵی خێزانەکەی، باوکی هونەرمەند بووە، بەڵام بە خواردنەوەی کهول ئاڵوودە بووە و خێزانەکەی بە هەژاریی بەخێوکردووە، ماوەی حەوت ساڵ پەیڕەوی خوێندنی ئایینیی کردووە، پاشان لە کۆلێژی پزیشکیی ئێدنبرە خوێندوویەتی و پلەی ماستەری بەدەستهێناوە لە نەشتەرگەرییدا، لە ئاستی وردبوونەوە لە پێکهاتەی جەستەی مرۆڤ و شێوازی دروستکردنی کارەکتەردا، کاریگەر دەبێت بە بیرۆکە ئەدەبییەکان و خۆی بۆ جیهانی نووسین تەرخاندەکات.

بیرۆکەی گەورەی هەبووە

گەرچی دۆیڵ بە کارەکتەری شێرلۆک هۆڵمس ناوبانگی هەیە، بەڵام خاوەنی هەگبەیەکی دەڵەمەندی ئەدەبییە لە دروستکردنی بیرۆکەکاندا، هەمووان ئاشنایەتییان بە فیلمی پارکی داینەسوورەکان هەیە، دۆیل بە نووسەری سەرەکیی بیرۆکەی ئەم چیرۆکە دادەنرێت و بە ناونیشانی "The Lost World"، ململانێی مرۆڤ و داینەسوورەکانی گێڕاوەتەوە و ساڵی 1912 کتێبەکەی بڵاوکردووەتەوە.

لە ئەفریقا ئیلهامی وەرگرتووە

دۆیڵ هەوڵی داوە وەکو سەرباز کار بکات، بەڵام توانای جەستەیی و کێشی زۆر، وایان کردووە سوپا ڕەتی بکەنەوە و لەبری ململانێی سەربازیی، ڕووی لە کیشوەری ئەفریقا کردووە، وەکو ئەفسەری پزیشکیی کاری کردووە و لە گەشتەکەی بەرەو ئەفریقا ئیلهامی گەورەی وەرگرتووە و کتێبی "The Captain of the Polestar"ی نووسیوە.

شێرلۆک هۆڵمسی لەناوبردووە...

شێرلۆک هۆڵمس، یەکێکە لە بەناوبانگترین کارەکتەرەکانی دەستی دۆیڵ، هاوکات توانیویەتی کاریگەرییەکی گەورەش لەسەر ئەدەبیات و بەرهەمی سینەمایی دروستبکات، ساڵی 1893، بەمەبەستی سەرنج خستنە سەر بابەتی جیاواز و قاڵبوونەوە لەسەر ڕەوتی رۆحگەرایی و تێڕامان، بەمەبەست، کارەکتەرەکەی خۆی دەکوژێت و ئاڕاستەی نووسینی چیرۆکەکانی هۆڵمس دەگۆڕێت بۆ بیر و باوەڕە خوازراوەکانی خۆی، پاش تێپەڕینی 10 ساڵ، بۆ جارێکی دیکە شێرلۆک هۆڵمس زیندوو دەکاتەوە، مەبەستی سەرەکییش کۆکردنەوەی زیاتری پارە بووە بۆ پاڵپشتیکردن لە باوەڕە ڕۆحگەراییەکان و بانگەشەکردنی زیاتر بۆیان.

زیاتر لە 300 بەرهەمی هەیە

لەماوەی ژیانی ئەدەبیی خۆیدا، زیاتر لە 300 بەرهەمی خەیاڵیی نووسیوە، کە 24 دانەیان ڕۆمانن، بە تێکڕای گشتییش لە ژانرا جیاوازەکانی نووسیندا کاری کردووە و بەرهەمی هەیە، لەوانە: مێژوو، خەیاڵ، گەشت، خەیاڵی زانستی، دراما، تاوان و جەنگ، هاوکات زیاتر لە هەزار و 100 بابەتی لێکۆڵینەوە و وتاری لە ڕۆژنامەکاندا بڵاوکردووتەوە.

حەسەن فەلاح

3 کاتژمێر پێش ئێستا