پاکستان رێگە بەمانەوەی زیاتر لە ملیۆنێک پەنابەری ئەفغانی بۆ ساڵێکی دیکە دەدات
حکومەتی پاکستان رایگەیاند، بڕیاریانداوە رێگەبدەن بە مانەوەی یەک ملیۆن و 450 هەزار پەنابەر لە وڵاتەکەیاندا بۆ ماوەی یەک ساڵی دیکە.
حکومەتەکەی شهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان راگەیەندراوێکی لەبارەی پەنابەرانەوە بڵآوکردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەداوە، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیرانی وڵاتەکەیدا بڕیاریانداوە بە درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی پەنابەرە ئەفغانییەکان، تاوەکو مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لەگەڵ درێژکردنەوەی مافی پەنابەرێتی ئەو هاوڵاتییە ئەفغانییانە بەردەوامدەبن لە رووبەرووبوونەوە و دەستگیرکردنی ئەو کۆچبەرانەی کە بەنایاسایی هاتوونەتە وڵاتەکەیانەوە.
بڕیارەکەی حوکەمەتی ئیسلام ئاباد لە دوای ئەوەدێت، لەماوەی رابردوودا بەهۆی ناکۆکی سیاسیی حکومەتی پاکستان لەگەڵ ئەفغانستان، سەرۆکوەزیرانی وڵات بڕیاری ناردنەوەی سەرجەم پەنابەرانى ئەفغانستانی دا .
11/07/2024