ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک کۆبووەوە

یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک. فۆتۆ: کەناڵ8
یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک. فۆتۆ: کەناڵ8

یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک بەڕێوەچوو،سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى رایگەیاند "رێککەوتن کراوە لەماوەى 30 رۆژدا پارێزگار و ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک دیاریبکرێن.

بڕیار بوو کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک لە کاتژمێر 1ـى پاشنیوەڕۆ ئەنجام بدرێت بەڵام بەهۆى ناکۆکى لایەنە سیاسییەکان و نەگەیشتن بە رێککەوتن کۆبوونەوەکە دواخرا و بەهۆیەوە راوێژکارى سەرۆکوەزیرانى عێراق گەیشتە بیناى پارێزگاى کەرکوک و دواى زیاتر لە کاتژمێرێک کۆبوونەوە لەگەڵ ئەندامانى پێکهاتەکان گەیشتنە رێککەوتن و واژۆکردنى بەڵێننامەیەک.

بەگوێرەى زانیارییەکانى پەیامنێرى کەناڵ8 "بەڵێننامەکە واژۆى ئەندامانى پێکهاتەکانى کەرکوکى لەسەرە و رێککەوتن لەسەر ئەوەى دانیشتنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک بەڕێوەبچێت و هەروەها دەسەڵات و بارودۆخەکە قۆرخ نەکرێت و لەمپەرى دیکە دروست نەکرێت".

دانیشتنەکەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک نزیکەى نیو کاتژمێرى خایاند و تیایدا راکان جبورى وەک بەتەمەنترین ئەندامى ئەنجوومەنەکە سەرۆکایەتى دانیشتنەکەى کرد و رایگەیاند " کۆبوونەوەکە بە کراوەیى هەڵدەگیرێت و دەبێت لەماوەى 30 رۆژى دیکەدا پارێزگارێک بۆ کەرکوک دیاریبکرێت".

کۆبوونەوەکە دەرئەنجامى چەند کۆبوونەوەیەکى محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق بوو لەگەڵ لیستە براوەکانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک و رژدبوونى لەسەر ئەنجامدانى یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنەکە.

لەدواى حەوت مانگ لە بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک ئەمە یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنەکە بوو.