شارەوانیی سلێمانی: هەوڵدەدرێت بەزووترین کات شەقامی 100 مەتری بخرێتە خزمەتی هاونیشتمانییانەوە
شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند، چاوەڕواندەكرێت كۆمپانیای جێبەجێكاری پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی ستاف و كاتەكانی كاركردن بۆ پرۆژەكە زیادبكات بۆ ئەوەی بە زووترین كات ئەم پڕۆژە گەورەیە بخرێتە خزمەتی هاونیشتمانییانەوە.
سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی رۆژی یەكشەممەی رابردوو سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی سەردانی پرۆژەی شەقامی 100 مەتری كرد و كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی بۆردی بەڕێوەبردنی پرۆژەكە ئەنجامدا، رۆژی پێنجشەممە لە تەلاری سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری رێپێدراوی كۆمپانیای جێبەجێكار و ئەندامانی بۆردی بەڕێوەبردنی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری كۆبوونەوەیەك ئەنجامدرا بۆ تاوتوێكردنی كارەكانی پرۆژەكە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەبەر گرنگی و گەورەیی ئەو پرۆژەیە هەنگاوی زۆر باش نراوە بۆ پشتیوانی كۆمپانیای جێبەجێكار تاوەكو بتوانێت كارەكانی خێراتر و باشتربكات كە رێژەی كاركردن لە پڕۆژەكەدا 61%ە، لە رووی داراییەوە پاڵپشتی كۆمپانیای جێبەجێكاركراوە بۆیە چاوەڕواندەكرێت كۆمپانیای جێبەجێكار ستاف و كاتەكانی كاركردن بۆ پرۆژەكە زیادبكات بۆ ئەوەی بە زووترین كات ئەم پرۆژە گەورەیە بخرێتە خزمەتی دانیشتووانی شاری سلێمانییەوە.
12/07/2024