سەرچاوەیەک بۆ کەناڵ8: بزووتنەوەی گۆڕان پێکهێنانى هاوپەیمانێتییەکى سیاسى تاوتوێدەکات
جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ گفتوگۆ لەسەر پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان کۆبووەوە و سەرچاوەیەک لە بزووتنەوەکە بە کەناڵ8ى راگەیاند "پێشنیاز دەخەینە بەردەم چەند کاندیدێکى سەربەخۆ بۆ پەیوەندیکردن بە لیستى گۆڕانەوە".
بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، لە کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆ شەممەی جڤاتی نیشتمانی، هەڵسەنگاندن بۆ تواناکانى بزووتنەوەکە کراوە بۆ بەشدارى لە پرۆسەى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان.
کەناڵ8 ئەوەى زانیوە، کشانەوەى چەند کەسایەتییەک کە وەک کاندیدى سەربەخۆ ناوى خۆیان تۆمارکردووە، جێکردنەوەیان لەناو لیستەکەى بزووتنەوەى گۆڕان گفتوگۆى لەبارەوە کراوە.
سەرچاوەیەکى باڵا لەناو بزووتنەوەى گۆڕان بە کەناڵ8ى گوت، "لە کۆبوونەوەکە باس لە پێکھێنانى هاوپەیمانێتییەکى سیاسیى کراوە بۆ قۆناغى دواى هەڵبژاردن و بۆ کاتی پێکهێنانى کابینەى حکومەت، لەگەڵ چەند لایەنێکى سیاسى"، بێئەوەى زانیاریى زیاتر لەسەر ناوى لایەنەکان ئاشکرا بکات.
دلێر عەبدولخالق، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان بە میدیاى فەرمى بزووتنەوەکەى راگەیاند؛ كۆبوونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان سروشتێكی نائاسایی هەبووە، لە كۆبوونەوەكەدا هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە بە لیستەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەولێر و دهۆك كراون.
بزووتنەوەی گۆڕان پێشتر بۆ وادەی 10ی حوزەیرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لیستی لە بازنەكانی هەڵبژاردن پێشكەشكردبوو.
13/07/2024