وشکیی چاو..نیشانە و چارەسەرییەکانى

وشکبوونەوەی چاو نەخۆشییەکی باوە.
وشکبوونەوەی چاو نەخۆشییەکی باوە.

وشکیی چاو، نەخۆشییەکە چاو بەتەواوی ناتوانێت فرمێسک دروستبکات، ئەمە دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی چاوەکان. نەخۆشییەکە کۆمەڵێک نیشانەی هەیە، وەک: خوران، لێڵبوونی بینایی، ئاولێهاتن و کزانەوەی چاوەکان. چەندین هۆکار هەن بۆ درووستبوونی ئەم کێشەیە، زۆرینەی کات دۆزینەوەی ڕیشەی گرفتەکە ئاڵۆزە.

سەیرکردنی شاشە بۆ ماوەیەکی زۆر، یەکێکە لە هۆکارەکانی توشبوون بەم نەخۆشییە. ئەمە جێگەی گرنگیپێدانە، چونکە بەشێکی سەرەکیی ژیانی ڕۆژانەی ئێستا پەیوەستە بە بەکارهێنانی ئامێرە ئەلکترۆنییەکانەوە. دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەم گرفتە گرنگە، چونکە کاریگەری لەسەر ژیانی کەسەکە دەبێت. وشکیی چاو نەخۆشییەکی باوە، ملیۆنان کەس بەهۆی ئەم گرفتەوە لە سەرانسەری جیهاندا دەناڵێنن.

نیشانەکانی وشکیی چاو

زۆرجار نیشانەی سەرەکیی وشکیی چاو خوران یان هەستکردنە بەوەی شتێک لەنێو چاودا بەجێماوە. هەندێک نیشانەی دیکەشی هەیە، وەک:-

1- کزانەوەی چاو: کەسەکە وا هەست دەکات چاوی دەسووتێتەوە.

2- ئاوکردنی چاو: کاتێک چاو بۆ ماوەیەکی زۆر بە وشکی دەمێنێتەوە، فرمێسکەڕژێنەکانی چاو وەک کاردانەوەیەک لەپڕ چالاک دەبن و ئاوێکی زۆر دەردەدەن.

3- لێڵبوونی بینین: فرمێسکی چاو شلەیەکی ڕوونە، یارمەتیی بینین دەدات، لە نەبوونیدا بینین لێڵ و لاواز دەبێت.

man with dry and itchy eye
سەیرکردنی شاشەکان بۆ ماوەیەکی زۆر یەکێکە لە هۆکارەکانی وشکیی چاو. فۆتۆ: گێتی ئیمجس

مەترسییەکانی توشبوون

لەگەڵ بەتەمەنداچووندا، چاوەکان کەمتر دەتوانن فرمێسک دروست بکەن، بۆیە مەترسیی وشکبوونی چاو لەو تەمەندا زۆرترە. هەندێکی تر لەو هۆکارانەی مەترسی توشبوون بە نەخۆشییەکە زیاد دەکەن و مرۆڤ دەتوانێت خۆی لێبپارێزێت بریتین لەمانە:-

1- شێوازی ژیان و ژینگە: دەکرێت سەیرکردنی شاشە، بەکارهێنانی هاوێنەی دەستکرد (عەدەسە)، هەستیاری و جگەرەکێشان یان گۆڕانی کەشوهەوا هۆکار بن.

2- دەرمانەکان: هەندێک دەرمان دەبنە هۆی دروستبوونی ئەم کێشەیە، بۆ نموونە ئەو دەرمانانەی بۆ چارەسەری فشاری خوێن، فشاری چاو، خەمۆکی، هەستیاری یاخود ئازار بەکاردێن. وەرگرتنی چارەسەری زیپکە لە لاواندا و دەرمانی ڕێگرتن لە دووگیانیش رەنگە ببنە هۆی وشکیی چاو.  

3- نەخۆشی یان نەشتەرگەری

سەردانکردنی پزیشک و چارەسەر

وا باشترە لەکاتی هەبوونی نیشانەکاندا، کەسەکە سەردانی پزیشکی چاو بکات و چارەسەر وەربگرێت. بە وەرگرتنی چارەسەر، کەسەکە هەست بە ئارامی دەکات و نیشانەکانی نامێنن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە چاوی کەسەکە پارێزراو دەبێت لە زیانەکانی درێژەکێشانی وشکیی چاو. ئەو چارەسەرانەش کە پزیشکی پسپۆر دیاری دەکات بریتین لە: دڵۆپی چاو یان کرێم، کە وەک فرمێسکی دەستکرد کار دەکەن و یارمەتیی نەهێشتنی گرفتەکان دەدەن. بەداخەوە لە بەشێکی بەرچاوی حاڵەتەکاندا، وشکیی چاو نەخۆشییەکی درێژخایەنە و چارەسەری تەواوەتی نییە و چارەسەرەکان تەنها بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانە.

ئەی لە ماڵەوە چی بکەین؟

هەندێک ڕێگە هەن دەتوانرێت لە ماڵەوە بگیرێنە بەر و وەک چارەسەرێکی سەرەتایی بەکاربهێنرێن، وەکو:

1- خۆپارێزی: خۆبەدوورگرتن لە دووکەڵی جگەرە و ئەو شتانەی هەستیاری دروستدەکەن. نابێت رەشەبا و هەوای ڕاستەوخۆ بەر چاو بکەون و لەکاتی چوونەدەرەوەشدا وا باشترە چاویلکە لە چاو بکرێت.

2- بەکارهێنانی پارچەیەک پەڕۆی گەرمکراو لەسەر چاو: ئەگەر ئەمە بۆ ماوەی دە خولەک پێوەی بمێنێتەوە، یارمەتیدەر دەبێت بۆ شیدارکردنەوەی چاو.

3- وەرگرتنی تەواوکەری خۆراکیی ئۆمێگا-سێ: توێژینەوە سەلماندوویەتی وەرگرتنی ئەم تەواوکەرە خۆراکییە بەسوودە بۆ دروستکردنی فرمێسکی چاو و یارمەتیی نیشانەکانی وشکیی چاو دەدات.