سەرچاوەیەک لە پارتى بۆ کەناڵ8: زیاتر لە 20 پۆستى ئیداریى نەینەوا لە حیزبەکەمان وەرگیراوەتەوە

لۆگۆى پارتى دیموکراتى کوردستان
لۆگۆى پارتى دیموکراتى کوردستان

بۆ هەڵوەشاندنەوەى دابەشکردنى پۆستە ئیدارییەکانى پارێزگاى نەینەوا، پارتى لە دادگاى فیدراڵى سکاڵا تۆماردەکات و سەرچاوەیەک لە لقى نەینەواى ئەو حیزبە بە کەناڵ8ى راگەیاند "زیاتر لە 20 پۆستى ئیدارى نەینەوا لە حزبەکەمان وەرگیراوەتەوە".

سەرچاوەیەک لە لقى نەینەواى پارتى دیموکراتی کوردستان بە کەناڵ8ى گوت، لەماوەى 24 کاتژمێردا زیاتر لە 20 پۆستى ئیداریى نەینەوا لە حیزبەکەى وەرگیراوەتەوە، ئەوەش بە قبوڵنەکراو وەسفدەکات و لایەنەکان بە پێشێلى رێککەوتنەکان تۆمەتبار دەکات.

سەرچاوەکە گوتیشى "پارتی دیموكراتی كوردستان، سوورە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكانی پارێزگای نەینەوا، بۆ ئەوەش سكاڵای لە دادگای فیدراڵی تۆماركردووە و ئێستا خۆی وەكو ئۆپۆزسیۆن دەناسێنێت".

کەناڵ8 زانیوویەتى، هێشتا فەرمانى کارگێڕى بۆ سەرۆکى ئەو یەکە ئیدارییانە دەرنەچووە کە هەفتەى رابردوو پۆستى قایمقام و بەڕێوەبەرى ناحیەیان پێدرا، پارێزگارى موسڵیش واژۆى لەسەر دەستبەکاربوونیان نەکردووە و پێیگوتوون، لە نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراقەوە راسپێدراوە بۆ ماوەیەک فەرمانى کارگێڕیى دەستبەکاربوونیان دوابخرێت.

بژاردەیەکیش هەیە جارێکیدیکە و لە رێگەى پێشکەشکردنى سیڤییەوە کێشەکە چارەسەر بکرێت و پۆستى یەکە ئیدارییەکان بگۆڕێت کە پارتی بەم بژاردەیە رازییە.

سەرەتای ئەم مانگە، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بە ئامادەبوونی زیاتر لە نیوەی ئەندامەكانی، پرۆسەی هەڵبژاردنی بۆ حەوت قایمقام و 13 بەڕێوەبەری ناحیە ئەنجامدا، لەوكاتەشەوە فراكسیۆنەكانی پارتی و هاوپەیمانیی نەینەوا موەحەدە كە بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد، ناڕازین و ئەندامێتییان لە ئەنجوومەن هەڵپەساردووە.