لێدوانی هاتوچۆ لەبارەی دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە رێگەکانی دەرەوەی سلێمانی

هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند، دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لەسەر رێگەی سلێمانی – چەمچەماڵ راستنییە و ئەو بابەتە لە ئێستادا لە قۆناغی جێبەجێ کردندا نییە.

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە،  لە چەند رۆژی ڕابردوو یەکێک لە کەناڵەکان و لەڕێی پەیامنێرێک بابەتێکی پەیوەندیدار بە پرسی دانانی کامێراکانی سیستەمی خاڵ بۆ خاڵ 'پۆینت تو پۆینت' لە سنووری رێگەوبانی دەرەوەی شار و بەدیاریکراوی رێگەی سلێمانی – چەمچەماڵ و بە پێچەوانەوە بڵاوکراوەتەوە.

دەشڵێت: کاری ئەو کەناڵە نییە لەبری بەڕێوەبەرایەتیمان قسە و روونکردنەوە بدەن و شۆفێران تووشی نیگەرانی و دڵەڕاوکێ بکەن کە لەئێستادا لە قۆناغی جێبەجێ کردندا نییە و ورووژاندنی ئەم بابەتە سوود بە هیچ کەس و لایەنێک ناگەیەنێت. ئەوان کەسانی پسپۆڕ و شارەزا نیین تا شیکاری لەسەر پرسی کامێراکان بکەن و تەنها مەرام لە پشتی ئەم جۆرە راپۆرتانە زیادکردنی ڤیو و کۆمێنت و لایکە بۆ دەزگا راگەیاندنەکانی خۆیان.

هاتوچۆی سلێمانی جەختیکردووەتەوە، هەر بابەتێک پەیوەندیدار بێت بە کاروباری بەڕێوەبەرایەتییەکە یاخود هەر پڕۆژە و بڕیارێکی هاتووچۆیی بەڕوونی و بە ئاشکرایی لەڕێی میدیا و پەیج و ماڵپەڕی فەرمی بەشی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتییەکە بڵاویدەکەنەوە و دەڵێت: جگە لەو پیگە فەرمییانەمان هەر هەواڵ و روونکردنەوەیەک لە هەر کەناڵ و سۆشیال میدیایەکی دیکە بڵاوبکرێتەوە هیچ بەهایەکی نییە.