کەمخەوی..گرفت و چارەسەرەکانی

کەمخەوی یەکێکە لە هۆکارەکانی هیلاکیی و کەمبوونەوەی چالاکی.
کەمخەوی یەکێکە لە هۆکارەکانی هیلاکیی و کەمبوونەوەی چالاکی.

کەمخەوی، گرفتێکە زۆرجار بە شێوەیەکی نەرێنی کار لەسەر تەندروستی و چالاکیی ڕۆژانە دەکات. بە نزیکەیی لە هەموو 10 کەسێکدا لە جیهاندا، یەک کەس کەمخەوی هەیە. کەمخەوی ‌حاڵەتێکی مەترسیدار نییە و چەندین جۆر چارەسەری هەیە. سێ شێوازی کەمخەوی هەن: نەبوونی خەو بۆ ماوەی پێویست، خەولێنەکەوتن و زووزوو بەئاگاهاتنەوە. بۆ هەندێک کەس، کەمخەوی ئاساییە، بەڵام بۆ هەندێکی دیکە کێشەیەکی گەورەیە. سەرەڕای کاریگەریی کەمخەوی لەسەر تەندروستی، کار لەسەر پیشە و پەیوەندییەکانیش دەکات.

چۆنیەتیی خەوتن بەپێی کەسەکان دەگۆڕێت

هەر کەسێک خوویەکی تایبەتی بۆ خەوتن هەیە. بەگشتی ئەمانەی خوارەوە چەند جۆریکی خەوتنن:-

1- ئەوانەی زوو دەخەون و زوو هەڵدەستن.

2- ئەوانەی درەنگ دەخەون و درەنگ هەڵدەستن.

3- ئەوانەی بۆ ماوەیەکی کەم دەخەون: هەندێک کەس هەن، هەر بەسروشتی دەتوانن لە کەسانی دیکە کەمتر بخەون. دەکرێت هۆکاری بۆماوەیی ڕۆڵ ببینێت لەم کەسانەدا.

4- خەوتن بەپێی جۆری پیشە: ئەو کەسانەی لە کەرتی سەربازیدا کار دەکەن، ئاسانتر بەئاگادێنەوە لە کەسانی دیکە، ئەمە ڕاهاتنە، هەرکەسێک بە پێی ئەو پیشە و ژینگەیەی تێیدا دەژی خەوی دەگونجێنێت.

5- گۆڕانی سروشتی لە پێویستیدا بە خەو: بەپێی تەمەن، پێویستی بە خەو دەگۆڕێت. منداڵێکی بچووک لەنێوان 14بۆ 17 کاتژمێر خەوی پێویستە، لەکاتێکدا گەورەکان حەوت بۆ نۆ کاتژمێر خەویان دەوێت.

نیشانەکانی کەمخەوی

بەهۆی ئەوەی چالاکییەکانمان زیاتر لە ڕۆژدایە، نیشانەکانیش هەر لەو کاتانەدا دەردەکەون:-

1- هەستکردن بە ماندوویی و ناساغی

2- خاوبوونەوەی کاردانەوەکان: بۆ نموونە لەکاتی شۆفێریدا خاوتر پەرچەکردارت دەبێت بۆ چواردەورت، ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی ڕووداوی نەخوازراو

3- زوو بیرچوونەوەی شتەکان

4- کەمبوونەوەی سەرنج (تەرکیز) و خاوبوونەوەی بیرکردنەوەمان

5- تێکچوونی باری دەروونی: هەڵەشەیی، ڕاڕایی و خەمۆکی لە کەسانی کەمخەودا زیاترن.

یەکێک لە هۆکارەکانی کەمخەوی، دڵەراوکێیە. فۆتۆ: گێتی ئیمجس

هۆکارەکانی کەمخەوی چین؟

هۆکارەکانی کەمخەوی زۆرن. هەندێک لەمانەی خوارەوە دەکرێت کاریگەرییان هەبێت لە دروستبوونی کەمخەویدا:-

1- بۆماوەیی: لە هەندێک خێزاندا کەمخەوی هەیە و بەشێک لە ئەندامانی خێزانەکە پێوەی دەناڵێنن

2- جیاوازی لە چالاکیی مێشکدا: هەندێک کەس مێشکیان چالاکترە، ئەمە کاریگەری لەسەر شێوازی خەویان دەبێت

3- نەخۆشی: هەندێک نەخۆشیی کتوپڕ وەک پەتایەکی ئاسایی یان نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک گەڕانەوەی ترشی گەدە بۆ سورێنچک(کە دەبێتە هۆی دڵەکزە) رەنگە ببنە هۆی کەمخەوی.

4- بارودۆخی دەروونی: زۆرینەی ئەوانەی کە کەمخەویی درێژخایەنیان هەیە (سێ مانگ زیاتر)، لەگەڵیدا بە دەست دڵەڕاوکێ یاخود خەمۆکییەوە دەناڵێنن

5- گۆڕانکاریی کتوپڕ: خەوتن لە شوێنێکی جیاوازدا، گەشتکردن بۆ شوێنێک کە کاتەکەی جیاوازە لە شوێنی نیشتەجێبوونی کەسەکە یان گونجاندنی خەو بەپێی شفتی کارکردن

6- خووەکانی ڕۆژانە: ئەمانەش وەک سەرخەوشکاندن،زۆرخواردن، خواردنەوەی چا، قاوە و ئەو بەرهەمانەی ڕێژەی کافایین تێیاندا بەرزە.

چارەسەرەکان چین؟

کەمخەوی کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستی هەیە و مەترسییە بۆ دروستبوونی نەخۆشیی دڵ، قەڵەوی، بەرزەفشاری خوێن، جەڵتەی دڵ، جەڵتەی مێشک، شەکرە و گرفتی دەروونی. چەندین ڕێگە هەن بۆ چارەسەرکردنی کەمخەوی، لەوانەش:-

1- خەوتنی تەندروست: بۆ نموونە خەوتن و هەستان لە کاتێکی دیاریکراودا، خەوتن لە جێگەیەکی تاریک و بەکارنەهێنانی ئامێرە ئەلکترۆنییەکان، دوورکەوتنەوە لە مەی، نەخواردنەوەی چا و قاوە (بەتایبەت پاش خۆرئاوابوون)، گرنگیدان بە تەندروستی (بە وەرزشکردن و هەبوونی کێشێکی تەندروست).

2- دەرمان: دەکرێت پزیشکی پسپۆڕ هەندێک دەرمان بنووسێت، باشترینیان ئەوانەن کە مەترسی ئالوودەبوونیان کەمە،

3- دەرووندروستی: بەگشتی گرتنەبەری ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی کەمبوونەوەی فشارە دەروونیەکان و دڵتەنگی، کاریگەری باشیان دەبێت لە هەبوونی خەوێکی تەندروستدا.