کەناڵ8 هەوڵێک بۆ ناردنی هێزێكی عێراق بۆ سنوورەكانى هەرێمى کوردستان ئاشکرا دەکات

لەناو ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق جوڵەیەکى سیاسى دەستیپێکردووە بۆ دروستکردنى کۆدەنگى لەسەر ناردنى سوپاى عێراق بۆ سەر سنوورى هەرێمى کوردستان لەگەڵ تورکیا و لەو بارەیەوە ئەندامێکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق داواى ئەنجامدانى رێککەوتن دەکات لەنێوان حکومەتى عێراق و حکومەتى هەرێمى کوردستان.

عەلی بەنداوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە کەناڵ8ـى راگەیاند "پێویستە رێککەوتنێک لەنێوان بەغداد و هەولێر هەبێت، کە رێگە بە هاتنەناوەوەی هێزى فیدراڵی بدات بۆ پاراستنی سنوورەکانی هەرێمى کوردستان".

ئەندامێکى کوردیش لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق دەڵێت، ئەگەر هەیە عێراق لە وردەکاریی پلانە سەربازییەکەى تورکیا ئاگادارکرابێتەوە.

چیایى تەیمور، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە فراکسیۆنى پارتى بە کەناڵ8ـى گوت، "هەرێمى کوردستان نابێت بە بەشێک لەشەڕى سوپاى تورکیا و پەکەکە، بەڵام ترسیشمان هەیە بەناوى شەڕى پەکەکەوە، هێزەکانى حەشدى شەعبى لەسەر سنوورى هەرێمى کوردستان بڵاوەپێبکرێت".

لەبەرامبەردا، موعین کازمى، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە فراکسیۆنى فەتح، بە کەناڵ8ـى گوت، "لەگەڵ ئەوەى لەشکرکیشى سوپاى تورکیا بۆ ناو خاکى عێراق پاساو هەڵناگرێت، بەڵام حکومەتى هەرێمیش بەرپرسیارێتى گەورەى لە ئەستۆیە بۆ جموجۆلەکانى پارتى کرێکارانى کوردستان".

کازمى روونیکردەوە "عێراق زانیاریى پێشوەختەى نەبووە لەسەر ئۆپراسیۆنى سوپاى تورکیا و هاتنە ناوەوەى بۆ ناو هەرێمى کوردستان پاساو هەڵناگرێت، بەڵام وەڵامدانەوەى پێشێلکارییەکانى تورکیا بە هێزى سەربازیى بۆ عێراق زیانى دەبێت، ناردنى سوپاش بۆ سەر سنوورى تورکیا لەئێستادا ئەستەمە و کاتى دەوێت، بەڵام حکومەتى هەرێمى کوردستان بەرپرسیارێتى گەورەى لە ئەستۆیە لە راگرتنى ئەو گروپانەى کە لەخاکى هەرێمەوە مەترسى بۆسەر وڵاتانى هاوسێ دروستدەکەن".

سوپای تورکیا لە ماوەی 15ی حوزەیران تاوەکو 11ی تەمووز 285 جار بۆردومانی هەرێمی کوردستانی کردووە، و لەئێستاشدا بە قوڵایی زیاتر لە 30 کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکى هەرێمى کوردستانەوە و رۆژانە ئۆپراسیۆنى چنگ قوفڵ بەڕێوەدەبات.