ژیریی دەستکرد یارمەتیدەردەبێت لە دەستنیشانکردنی نەخۆشی ئۆتیزم
لە زانکۆی سەسێکس-ى لەندەن، زانایان دەیانەوێت لەڕێگەى ژیریی دەستکردەوە، لێکۆڵینەوە لەسەر شێوازی کارکردن و پەرەسەندنی مێشکی منداڵان بکەن، تاوەکو لە رێگەیەوە بتوانن پێشبینیی نەخۆشییە دەمارییەکان بکەن، بەڵام سەرەتا تاقیکردنەوەکە لەسەر کەسانێک دەکرێت کە تەمەنى هەرزەکارییان تێپەڕاندووە.
ئایڤۆر سیمپسن، مامۆستای زانکۆی سەسێکس رایگەیاند، ئەو تەکنەلۆجیایە لێرەدا بەکاریدەهێنین لەسەر بنەمای فێربوونی ئامێرەکە کاردەکات، کە یارمەتیدەرمان دەبێت بۆ ئەوەی تێبگەین کە مرۆڤەکان چۆن دەجوڵێن.
توێژەرانى زانکۆی سەسێکس هەوڵدەدەن لە رێگەی کامێرایەکی تایبەتمەندەوە جووڵەی دەست و قاچی منداڵەکان تۆماربکەن، پاشان جووڵەی منداڵەکان بەراورد دەکرێت بە بەهرەمەندی و لێهاتوویی ئەو منداڵانە کە تەمەنیان دەگاتە 18 ساڵی، بۆ ئەوەی بتوانن لە پەیوەندیی نێوان جووڵەی منداڵان و گەشەسەندنی مێشک تێبگەن.
گێڵی فۆرێستەر، پرۆفیسۆر لە زانکۆی سەسێکس، ئاماژەی بەوەکرد، ئەم توێژینەوەیە بۆ ئەوان زۆر گرنگە، چونکە یارمەتییان دەدات ئەو منداڵانە دەستنیشانبکەن کە ئەگەری توشبوونیان بە نەخۆشی ئۆتیزم هەیە، ئەمەش دەبێتە چانسێکی باش بۆیان، بۆئەوەی بیر لە چارەسەرێکی پێشوەختە بکەنەوە، نەوەک چاوەڕێ بکەن تاوەکو منداڵەکان گەورەدەبن و نیشانەکانی کارامەی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیکردن و گرفتەکانی دیکەیان تێدا دەربکەوێت، پاشان هەوڵى چارەسەرکردنیان بدەن.
توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن، ئەگەر بتواندرێت لە رێگەی ئەم تاقیکردنەوەیەوە پێشبینیی جۆرێتیی گەشەی مێشکی منداڵان بکرێت، ئەوا دەتوانرێت نەخۆشییەکانی پەیوەست بە مێشک و کۆئەندامی دەمار دەستنیشان بکرێن، لەوانەش نەخۆشیی ئۆتیزم.
15/07/2024