رامبرانت... مامۆستای سەردەمی زێڕینی هونەری هۆڵەندا

حەسەن فەلاح 2 کاتژمێر پێش ئێستا

رامبرانت هێرمێنسزۆن فان ریژن، یەکێکە لە باشترین مامۆستا هونەرییەکانی قۆناغی کلاسیکی شێوەکاریی ئەورووپا، توانیویەتی کاریگەرییەکی گەورە لەسەر ڕەوتی هونەریی وڵاتی هۆڵەندا دروستبکات، ڕێکەوتی 15ی تەمموزی 1606 لەدایکبووە.

بە مامۆستای ڕووناکی و سێبەریش ناسراوە

رامبرانت سەرەکیترین هونەرمەندی شێوەکاری چاخی زێڕینی هونەری هۆڵەندی بووە، تەکنیکی بەکارهێنانی ڕووناکی و سێبەری بەشێوەیەکی لێهاتووانە بەکارهێناوە، کە زۆرینەی ڕەخنەگرە هونەرییەکان ئاماژە بەوە دەدەن یەکەم کەسایەتیی مێژووی شێوەکارییە بە چەشنێکی بەرەوێشچوو ڕووناکی و سێبەر تێکەڵی یەکتر بکات، بەدیاریکراویش لەسەر ڕووخساری فیگەر و پۆرترەیتەکانی.

تایبەتمەند بووە بە کارە ئینجیلییەکان

بەمەبەستی خۆتەرخانکردن بۆ هونەر و شێوەکاری دەستبەرداری خوێندن بووە، لەسەر دەستی پیەتەر لاستمان لە شاری ئەمستردام سەبارەت بە بابەتە مێژوویی و ئینجیلییەکان کاری کردووە و تایبەتمەند بووە.

کێشەی بینینی هەبووە

بە گوتەی بەشێک لە توێژەرەکان، رامبرانت خاوەنی نەخۆشییەکی بینین بووە، کە بەهۆیەوە نەیتوانیوە شتەکان بەشێوەیەکی سێ ڕەهەندیی ببینێت، ئەمەش هۆکاری سەرەکیی ئاست بەرزیی بووە لە کێشانەوەی وێنەکان بەشێوەیەکی دوو ڕەهەندی.

هەژار بووە

وێڕای بەدەستهێنانی داهاتێکی زۆر لەڕێگەی دروستکردنی کارە هونەرییەکانیەوە، بەڵام نەیزانیوە چۆن سەرمایەکەی خۆی بە باشی دابەش بکات و لە دەرئەنجامدا دووچاری هەژاری بووەتەوە، تاوەکو مەرگیش نەیتوانیوە دەربازی ببێت و مەرگێکی هەژارانەی هەبووە؛ ساڵی 1669 لە تەمەنی 63 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.

رامبرانت لەماوەی ژیانی هونەریی خۆیدا، بەنزیکەی 300 تابلۆی کێشاوە، خاوەنی سەدان نەخش و وێنەی کێشراویش بووە.

حەسەن فەلاح

2 کاتژمێر پێش ئێستا