سێنتکۆم: داعش 153 هێرشی لە عێراق و سووریا ئەنجامداوە

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا بڵاویکردەوە، رێکخراوی داعش لە شەش مانگى یەکەمى ئەمساڵدا 153 هێرشى لە عێراق و سووریا ئەنجامداوە و دوو هێندەى ئەو هێرشانەیە کە لە ساڵى رابردوودا بەرپرسیارێتى لە ئەستۆ گرتوون.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا(سێنتکۆم)، ئامارى شەش مانگى یەکەمى ئەمساڵى هێرشەکانى داعش و ئۆپراسیۆنەکانیان بۆ لەناوبردنى ئەو گروپە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە کانوونى دووەمەوە تاوەکو مانگى حوزەیرانی 2024، گروپى داعش بەرپرسیارێتى خۆى لە 153 هێرش لە عێراق و سووریا راگەیاندووە، بەو رێژەیەش گروپەکە بەرەو زیاتر لە دوو هێندەى تێکڕاى ئەو هێرشانە دەڕوات، کە لە ساڵى 2023 بەرپرسیارێتى لە ئەستۆگرتوون.
روونیشیکردووەتەوە، زیادبوونى هێرشەکان ئاماژەن بۆ ئەوەى گروپەکە هەوڵى خۆرێکخستنەوە دەدات دواى ساڵانێک لە لاوازبوونى تواناکانى.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکەى سێنتکۆم، لە بەردەوامى هەوڵەکان بۆ لەناوبردنى داعش، ئەمریکا و هاوبەشەکانى لە هێزە ئەمنییەکانى عێراق و هێزەکانى سووریاى دیموکرات، لە نیوەى یەکەمى ئەمساڵدا، 196 کردەوەیان بۆ لەناوبردنى داعش ئەنجامداوە و بەهۆیانەوە، 44 چەکدار کوژراون و 166ى دیکەش دەستگیرکراون.
لە عێراق 137 لە کردەوەى هاوبەشدا، 30 چەکدار کوژراون و 74ى دیکە دەستگیرکراون، لە سووریا 59 کردەوەى هاوبەش لەگەڵ هەسەدە و هاوبەشەکانى دیکە ئەنجامدراون و 14 چەکدار کوژراون و 92ى دیکەش دەستگیرکراون.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، راشیگەیاندووە، لەو کردەوانەدا هەشت سەرکردەى داعش کوژراون و 32ى دیکەیان دەستگیرکراون، کە لە ناویاندا بەرپرسانى پلاندانان بۆ ئەنجامدانى هێرش لە دەرەوەى عێراق و سووریا و مەشق و چەکدارکردن و بە قاچاغبردنى چەک هەبوون.
جەختیشیکردووەتەوە، بەدواداچون بۆ نزیکەی دو هەزار و 500 چەکداری داعش لە عێراق و سووریا، فاکتەرێکى سەرەکییە بۆ شکستپێهێنانى هەمیشەیی گروپەکە، پێویستە بە هەمان توانا و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بەردەوامبن بۆ گەڕاندنەوەى زیاتر لە نۆ هەزار دەستگیرکراو لە گرتووخانەکانى عێراق و سووریا و گەڕاندنەوە و تێکەڵکردنەوەى زیاتر لە 43 هەزار کەس لە کەمپەکانى هۆل و رۆژ.
جەنەراڵ مایکڵ ئیریک کۆریلا، فەرماندەى هاوپەیمانى نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، لەناوبردنى داعش لە جیهاندا، پشت دەبەسێت بە هەوڵەکانى ئەمریکا و هاوبەشەکانى لە گۆڕەپانەکانى شەڕ و گەڕاندنەوەى خێزانەکان لە هەردوو کەمپى هۆل و رۆژ و دووبارە چاکسازیى و تێکەڵکردنەوەیان.
ئاماژەى بەوەشکردووە، بەردەوامدەبن لە چڕکردنەوەى هەوڵەکانیان بۆ کردنە ئامانجى ئەندامانى داعش، بەتایبەت ئەوانەى هەوڵدەدەن لە دەرەوەى عێراق و سووریا کردەوە ئەنجامبدەن و ئەوانەشى هەوڵدەدەن چەکدارە دەستگیرکراوەکان دەربازبکەن بە ئامانجى رێکخستنەوەى هێزەکانیان.
17/07/2024