ئاسایشی ئەلیکترۆنیی عێراق: گرفتە تەکنیکییەکان کاریگەرییان لەسەر دامەزراوە حکومییەکان نەبووە

کەناڵ8 19/07/2024

ناوەندی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی عێراق رایگەیاند، کێشە تەکنیکییە جیهانییەکە کاریگەری لەسەر دامەزراوە عێراقییەکان نەبووە و سەرجەم کەرتەکانی گواستنەوە و پەیوەندییەکانیش بە شێوەیەکی سروشتی کاردەکەن.

ناوەندی ئاسایشی ئەلیکترۆنی لە ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دامەزراوە حکومییە عێراقییەکان کاریگەری گرفتە تەکنیکییە جیهانییەکانی نەکەوتە سەر، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە توشی سێرڤەرەکانی ویندۆز بوو.

ناوەندی ئاسایشی ئەلیکترۆنی ئاماژەی بەوەشکردووە، سیستمی دامەزراوە حکومییەکانی عێراق بە شێوەیەکی سروشتی کار دەکەن و هیچ کارگەرییەکی نەرێنیان لەسەر نییە، بە هەمان شێوە بۆ کەرتەکانی گواستنەوە و پەیوەندییەکانیش.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، سیستمە جیهانییەکانی جیهان توشی لەکارکەوتنێکی گەورەبون و گومان دەکرێت هێرشێکی گەورەی ئەلیکترۆنی مێژوویی کرابێتە سەر سیستمەکان.

ناوەندی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی عێراق باسی لەوەشکردووە، هەموو ئەو لە کارکەوتنانە پەیوەستە بەو ئامێرانەی بە سیستمی ویندۆز کاردەکەن، لە ناوەندی ئاسایشی ئەلیکترۆنیش بە چڕی چاودێری رووداوەکە دەکەن و لە هەماهەنگی بەردەوامن، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی زانیارییەکان و ژێرخانی ئەلیکترۆنی تەکنیکی.

روونیشیدەکاتەوە، "لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە سەرجەم کەرتەکان کاردەکەین لە پێناو بەردەوامی مامەڵە ئەلیکترۆنییەکان لە فڕۆکەخانە و ناوەندی داتا عێراقییەکان، هەروەها لە چاودێری کردن بەردەوام دەبین و هەموو رێکارێکی پێویست بۆ پاراستنی سیستمەکان دەگرینەبەر."

ناوەندی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی عێراق داوا لە دامەزراوەکان دەکات رێکارەکانی پاراستنی ئاسایشی ئەلیکترۆنی چڕ بکەنەوە و پابەند بە باشترین رێکارە ئەمنییەکان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، گرفتێکی تەکنیکی فراوان بەرۆکی تۆڕەکانی تەکنەلۆژیای زانیاری پەیوەست بە کەرتەکانی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکان، دەزگا و ئاژانسە میدیاییەکان، خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی و سیستمە بانکییەکانی گرتەوە.

کەناڵ8

19/07/2024