عەونی.. شاعیری نیشتمانپەروەری کورد

حەسەن فەلاح 20 کاتژمێر پێش ئێستا

عوسمان حەبیب عەبدوڵڵا، ناسراو بە عەونی، یەكێک بووە لە شاعیرە دیار و نیشتمانپەروەرەکانی کورد، ڕێکەوتی 20ی تەمموزی 1992، لە تەمەنی 78 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.

نیشتمانپەروەر بووە

عەونی ساڵی 1914 لە شاری کۆیە لەدایکبووە، لەگەڵ گەورەبوونیدا خولیای خوێندنەوە و نووسینی شیعری بۆ دروستبووە، بەردەوام هەوڵیداوە نوێگەر بێت لە ڕێبازە شیعرییەکاندا، بەهۆی نووسینی شیعری نیشتمانپەروەرییەوە، دوچاری ئەشکەنجە و گرتن بووەتەوە.

بە گوتەی فەرهاد عەونی کوڕی شاعیر؛ عەونی شیعری غەزەل و نیشتمانپەروەریی تێکەڵ بە شیعری سۆزدارانە کردووە، هاوکات لەنێو شیعرەکانیدا بەشێوەیەکی بەرچاو، وشەی کورد و کوردستانی بەکارهێناوە.

چەند شیعرێکی کراون بە گۆرانی

سەرەتای سییەکانی سەدەی ڕابردوو دەستی داوەتە نووسینی شیعر، لە زۆرێک ڕۆژنامە و گۆڤاردا بابەتی بڵاوکردووەتەوە، لەوانە: گەلاوێژ، دەنگی گێتی تازە، بەیان، هاوار و هاوکاری، عەونی خاوەنی دیوانێکی شیعرییە، کە بەنزیکەی 400 لاپەڕەیە، لە ئاستی نووسینی شیعردا، هاوشانی شاعیرانی سەردەمی خۆی بووە، لەوانە: دڵدار و هێمن، هاوتای نووسینی شیعر، کارا و چالاک بووە لە بوارەکانی زمان، کولتوور و کاری ڕێکخراوەییدا، ئەندام بووە لە کۆڕی زانیاریی کورد و یەکێتیی نووسەرانی کورد، بەهۆی هاوڕێیەتیشی لەگەڵ هونەرمەند تایەر تۆفیق، چەند شیعرێکی کردووە بە گۆرانی.

ڕێکەوتی 20ی تەمموزی 1992، لەمیانی تۆپبارانکردنی شاری کۆیە لەلایەن ڕژێمی بەعس، بریندار بووە و پاشان کۆچی دوایی کردووە، لە گۆڕستانی باسکی عەرەبان بەخاک سپێرراوە.

حەسەن فەلاح

20 کاتژمێر پێش ئێستا