ئاسایشی نیشتمانیى عێراق: 39 ئەندامی 'گرووپی قوربانییەکان' دەستگیرکران
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیى عێراق دەڵێت، توانیویانە 39 تۆمەتبار کە خۆیان وەکو بەشێک لە گرووپی "قوربانییەکان" ناساندووە، دەستگیربکەن و پرۆسەی دەستگیرکردنەکە لەکاتێکدا بووە، تۆمەتباران سەرقاڵی ئەنجامدانی تیروپشک بوون بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کەسەی دەبێت خۆی لەسێدارە بدات.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیى عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، مەفرەزەیەکی هێزەکەیان لە پارێزگای واست 4 ئەندامی "گرووپێکی لەیاسادەرچوو"ی دەستگیر کردووە بەناوی "قوربانییەکان".
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، تۆمەتبارەکان لە خێمەیەکی بچوکدا بوون لە نزیک کاروانی خزمەتکردنی زیارەتکارانی عاشوورا، چەندین وێنەی ئەو کەسەیان پێبووە و پێشتر ئەندامی گرووپە لەیاسادەرچووەکە بووە و خۆی لەسێدارەداوە.
دواى ئەنجامدانی لێپێچینەوە، تۆمەتبارەکان دانیان بەوەدا ناوە ئەندامی گرووپی قوربانییەکانن و سەرقاڵی ئەوەبوون رێوڕەسمە توندئاژۆکانی خۆیان جێبەجێبکەن لە رێگای ئەنجامدانی تیروپشک بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کەسەی دواتر دەبێت خۆی لەسێدارە بدات.
هەر لەو چوارچێوەیەدا مەفرەزەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە پارێزگاکانی بەسرە، موسەننا و دیوانیە، توانیویانە 35 ئەندامی دیکەی گرووپی قوربانییەکان دەستگیربکەن و رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانیان بکەن بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەریان.
بەگوێرەى راگەیەندراوى لایەنە پەیوەندییدارەکانى عێراق، گرووپى قوربانییەکان، گرووپێکی لەیاسا دەرچوون، ساڵی رابردوو لە پارێزگای زیقاری باشووری عێراق دروستبوون، بەناوی "قوربانیی" یاخود "عەلاهی" بەئامانجی خۆ بەقوربانیکردن.
20/07/2024