چۆن جڵەوی نەخۆشیی شەکرە بکرێت؟ پسپۆڕێک وەڵامدەداتەوە
شەکرەی جۆری دوو کاتێک دێتەئاراوە کە لەشی مرۆڤ نەتوانێت ئەنسۆلین بەکاربهێنێت. ئەگەر ئەم نەخۆشییە بە چارەسەرنەکراوی بهێڵرێتەوە، دەشێت ببێتەهۆی سەرهەڵدانی چەندین گرفتی تەندروستیی جۆراوجۆر، لەوانەش نەخۆشییەکانی دڵ، گورچیلە و دروستبوونی جەڵتە. دەکرێت ئەم نەخۆشییە درێژخایەنە لەڕێگەی گۆڕینی شێوازی ژیان، بەکارهێنانی دەرمان و سەردانی بەردەوامی پزیشکی پسپۆڕەوە کۆنترۆڵبکرێت.
لە میانی چاوپێکەوتنێکی کەناڵ8ـدا، د. دێرین ئەحمەد، پەرستاری پسپۆڕ لە چارەسەری شەکرە، باسی لە چۆنیەتیی جڵەوکردنی نەخۆشیی شەکرە کرد و گوتی: ”راستە نەخۆشیی شەکرە نەخۆشییەکی درێژخایەنە، بەڵام دەشێت بە ئاسانی کۆنترۆڵبکرێت. واتا پێویستە چارەخواز زانیاری لەبارەی نەخۆشییەکەوە هەبێت و بزانێت چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکات. نەخۆش دەتوانێت لەڕێگەی گۆڕینی شێوازی ژیانیەوە بە ئەندازەیەکی باش کۆنترۆڵی شەکرە بکات.“
پزیشکەکە باسی لەوە کرد، یەکەمین هەنگاو لە رێکخستنی ئەم نەخۆشییەدا، رەچاوکردنی بەرنامەی خۆراکیی رۆژانەیە. پێویستە تووشبووانی شەکرە چەندێتی و جۆرێتیی خواردنەکان رێکبخەن. لەلایەکی دیکەوە گرنگە بڕی ئەو خواردانە لە ژەمەکاندا سنوورداربکەن کە ئاستی شەکر تێیاندا بەرزە.
پسپۆڕەکە گوتی هەنگاوی دووەم بۆ رێکخستنی شەکرە، بوونی چالاکیی جەستەییە. وەرزش کلیلی سەرەکیی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیی شەکرەیە. پێویستە هەفتانە چەند جارێک وەرزش بکرێت. هەڵبەتە دەبێت وەرزشەکە مامناوەندی بێت، نە زۆر خێرا و نە زۆر هێواشبێت. هاوکات دەبێت هەفتانە لانیکەم 150 خولەک وەرزش ئەنجامبدرێت.
نەخۆشیی شەکرە کاریگەرییەکی خراپ لەسەر پێیەکان دادەنێت، بۆیە پێویستە بەردەوام چاودێریی پێیەکان بکرێت، چونکە دەمارەخانە و لوولە خوێنەکانی پێیەکان هێواش هێواش لاوازدەبن. لە کاتی بەدیکردنی هەر گرفت و تێکچوونێکدا، دەبێت راستەوخۆ سەردانی پزیشکی پسپۆڕبکرێت.
پەیوەست بە بەکارهێنانی دەرمان، د. دێرین جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێت نەخۆش پابەندبێت بە بەکارهێنانی ئەو دەرمانانەی پزیشک بۆ نەخۆشییەکە دەیاننووسێت؛ نابێت هەر کاتێک نەخۆشەکە ئاستی شەکر لە خوێنیدا ئاسایی بوو، واز لە دەرمانەکان بهێنێت.
لەبارەی سەردانیکردنی پزیشکی پسپۆڕەوە، د. دێرین گوتی: ”ئەگەر ئاستی شەکرە کۆنترۆڵنەکراو بێت، دەبێت سێ مانگ جارێک سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت. خۆ ئەگەر کۆنترۆڵکراویش بێت، وا پێویست دەکات شەش مانگ جارێک سەردانی پزیشک بکرێت.“
22/07/2024