پێشانگەی فۆتۆگرافی خاتوون کرایەوە

شەممە 20ـی تەمموزی 2024 لە گەلەری ئەمنەسوورەکە لە شاری سلێمانی پێشانگەی فۆتۆگرافی (خاتوون) بۆ هەشت خانمە فۆتۆگرافەر کرایەوە.

پێشانگەکە کاری هەشت خانمە فۆتۆگرافەرە لە سەرانسەری عێراقەوە، کە لە رابردوودا بەشداریی چالاکییەکی رۆژنامەوانییان کردبوو، چالاکییەکە پڕۆژەی هاوبەشی Swedish Global perorting و فێرگەی فرێیمینگ بوو بۆ وێنەی رۆژنامەوانی.

سەفین حەمید، بەڕێوەبەری فێرگەی فرێیمینگ بۆ وێنەی رۆژنامەوانی و راهێنەری فۆتۆگرافەری هەشت خانمە بەشداربووەکەی پێشانگەکە بە کەناڵ8ـی وت، "ئەم پڕۆژەیە پاڵپشتی خانمانی فۆتۆگرافەری رۆژنامەوان دەکات و دەیەوێت لەم رێگەیەوە هەلی کاریان بۆ برەخسێت" جەختیش لەوە دەکاتەوە کە خانمان دەبێت رۆڵێکی زیاتریان هەبێت لە بواری فۆتۆگرافی رۆژنامەوانییدا.

لە رابردوودا یەکەمین پێشانگەی خاتوون لە شاری هەولێر کرایەوە و ئێستا لە شاری سلێمانی بەردەوامە، بەڵام پێشانگەکە لە شاری سلێمانی کۆتایی نایەت، بەڵکو لە ژێر هەمان ناونیشاندا دەبرێتە وڵاتی سوید و بە شێوازێکی نوێ و بە بەشداری خانمانی دیکە نمایشدەکاتەوە.

لە شاری هەولێر هەشت خانم بەشداری دوو سیمینار و خولێکی راهێنانی فۆتۆگرافییان کرد و دواتر گەڕانەوە شارەکانی خۆیان و سەرجەمیان لەڕێی ناردنی فۆتۆستۆرییەوە بەشداری پێشانگەیەکیان کرد، یەکەم پێشانگەی خاتوون لە شاری هەولێر نمایشکرا و دواتریش لە شاری سلێمانی بە رووی بینەراندا کرایەوە و بڕیارە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بێت.