ژیریی دەستکرد وایکردووە ئاستی دەستنیشانکردنی شێرپەنجە بە رێژەی 8% زیادبکات

بەریتانیا رێگەیەکی نوێی گرتووەتەبەر
بەریتانیا رێگەیەکی نوێی گرتووەتەبەر

پزیشکانی پسپۆڕ لە بەریتانیا باس لەوە دەکەن، ژیریی دەستکرد هاوکارێکی باش بووە بۆ ئەوەی دەستنیشانکردنی شێرپەنجە ئاسانتر و وردتر ببێت.

سیستمێکی نوێ لە بەریتانیا خراوەتەکار کە هاریکاریی پسپۆڕان دەکات تاوەکو بەوردی دەستنیشانی شێرپەنجە بکەن. ئەم سیستمە نوێیە، زانیارییە پزیشکییەکانی نەخۆشەکە، ئیدی چ پشکنین یاخود هەر زانیارییەکی دیکە لەبارەی نەخۆشەکەوە بەردەستبێت، لێکیدەداتەوە و بە ئاسانی دەستنیشانی شێرپەنجە دەکات، ئەمەش وێڕای توانای سیستمەکە بۆ پێشبینیکردنی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە.

پسپۆڕان باس لەوە دەکەن، رێژەی دەستنیشانکردنی شێرپەنجە لە 58%ـەوە بۆ 66% زیادیکردووە، ئەمەش بە هاوکاریی ژیریی دەستکرد بووە. سیستمەکە لە قۆناغی سەرەتای تاقیکردنەوەیدا، لەسەر 450 هەزار نەخۆش تاقیکراوەتەوە. ئەنجامەکان پێشکەوتنێکی بەرچاویان لە شێوازی دەستنیشانکردنی شێرپەنجەدا نیشانداوە، تەنانەت سیستمەکە توانای پێشنیارکردنی ئەو پشکنینە تاقیگەییانەی هەیە کە پێویستە نەخۆشەکە ئەنجامیانبدات.

وڵاتی بەریتانیا لەو پەیڕەو و پڕۆگرامەی تاوەکو ساڵی 2028 بۆ جڵەوکردنی شێرپەنجە دایڕشتووە، مەبەستێتی ئاستی دەستنیشانکردنی پێشوەختەی نەخۆشیی شێرپەنجە بگەیەنێتە لە 75%. ئەم هەوڵانەش بەشێکن لەم پلانداڕێژییەی وڵاتەکە کاری لەسەر دەکات بۆ راپێچکردنی شێرپەنجە بۆ ژێر دەسەڵاتی خۆی و کەمکردنەوەی گیانلەدەستدانی خەڵکەکەی لە ئەنجامی تووشبوون بەم نەخۆشییە.