ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش دەستگیرکردنی 21 "تیرۆریستی" لە سلێمانی راگەیاند
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، دەستگیرکردنی 21 داواکراوی بەمادەی تیرۆر لە پارێزگای سلێمانی راگەیاند و دەڵێت، لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە پیلاندانەر و بەشداریی چەندین کردەوەی تیرۆریستیان لەچوار چێوەی داعشدا کردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، "لە چالاکییەکی هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان و دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، دوای بەدواداچوون و چاودێری وورد و ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری ماوەی چەند مانگێک بەردەوام بووە، توانرا لە پارێزگای سلێمانی 21 تیرۆریستی داعش دەستگیربکەین".
ئاماژەبەوەشکراوە "لەنێو دەستگیرکراوەکاندا، دوو گەورە بەرپرسی ئەمنیی ویلایەتی فەلوجە و دیجلە هەبووە".
بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو دەستگیرکراوانە داواکراون لەلایەن دادگاکانی عێراق، بەئامانجی خۆحەشاردان ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردبوو، لەئەنجامی دانپێدانانیان لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت پیلاندانەر و بەشداریی چەندین کردەوەی تیرۆریستی بوون".
22/07/2024