شەهید مەلا عەلی.. شاعیری خەبات و ئەوینی نیشتمان

حەسەن فەلاح 2 کاتژمێر پێش ئێستا

حوسێن مه‌ولود ئه‌حمه‌د، ناسراو به‌ شه‌هید مه‌لا عه‌لی، یەکێکە لە دیارترین شاعیرە نیشتمانپەروەرەکانی کورد، وەکو شاعیرێکی خەباتگێڕ، هاوشانی پێشمەرگە، لە سەنگەردا شیعری بەرەنگاریی نووسیوە.

لە خێزانێکی جوتیار لەدایکبووە

شەهید مەلا عەلی، ساڵی 1953 له‌ گوندی بەردبردی سنووری ماوه‌ت، لە خێزانێکی جوتیار و هەژار له‌دایكبووه‌، قۆناغەکانی سەرەتای خوێندنی تەواوکردووە، ساڵی 1974 بووە بە لێپرسراوی ڕێکخراوی تۆڵەی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، لە ساڵی 1976، چووەتە بەشی کوردی کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی سلێمانی.

شاعیر و پێشمەرگە بووە

بەهۆی دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردنی خوێندنی تەواونەکردووە، ساڵی 1977، پاش ساڵانێک لە خوێندەواری و کارکردنی لە ڕیزی قوتابیانی کوردستان و کۆمەڵە، خۆی گەیاندووەتە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە ساڵی 1979دا دەستگیرکراوە، شەشی حوزیرانی ساڵی 1979، لە دادگای هەیئەی خاسەی کەرکووک فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، پاش 45 ڕۆژ و لە شەوی 22 لەسەر 23ی تەمموزی 1979 لە تەمەنی 26 ساڵیدا لە زیندانی موسڵ لەسێدارە دراوە.

یەک دیوانی هەیە

45 ڕۆژی کۆتایی ژیانیشی لەچاوەڕوانی پەتی سێدارەدا، بە نووسینی شیعر بەسەربردووە،  "شیعر و ھەڵوێست" تاکە دیوانی شەھید مەلا عەلییە و ساڵی 2011 لەلایەن لقی سلێمانی یەکێتیی نووسەرانی کوردەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

حەسەن فەلاح

2 کاتژمێر پێش ئێستا