لە ناوچەى داوێ تەقە لە هاونیشتمانییەک دەکرێت و بریندارە
دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ چەند کەسێکی نەناسراو تەقە لە هاونیشتیمانییەکی ناوچەی داوێ دەکەن و برینداری دەکەن.
سەرچاوەیەکی ئەمنی تایبەت بە کەناڵ8ـی راگەیاند، "کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە لە گوندی نامیق لەناوچەی داوێ سەربە ناحیەی زنانەى سەربە ئیدارەى گەرمیان، چەند کەسێکی نەناسراو کە گوماندەکرێت چەکداری داعش بن، تەقەیان لە هاونیشتیمانییەکی گوندەکە کردووە و برینداریان کردووە.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، "هاونیشتیمانییەکە گولـلەیەک بەر قاچی کەوتووە و پاش بریندار بوونی، لەلایەن لیوای 16ـى هێزەکانی پێشمەرگەوە کە لە ناوچەکە جێگیر کراون، چارەسەری سەرەتایی بۆ کراوە و رەوانەی نەخۆشخانەی گشتیی دووزخورماتوو کراوە.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، "گەنجەکە ناوی ئەحمەد ئیدریسە و لەم هەفتەیەدا چەند جارێکی دیکەش تەقەی لێکراوە، هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە.
24/07/2024