نیشاندەری گاید: پاسپۆرتی عێراقی سێیەم نزمترین پاسپۆرتی جیهانە
بە گوێرەی نیشاندەری گاید، پاسپۆرتی عێراقی پلەی 108ی باشترین پاسپۆرتەکانی جیهانی وەرگرتوە، سەرباری داهاتی زۆر و بەرزی ئاستی ئابوری، هێشتا پاسپۆرتەکەی وەک سێیەم نزمترین پاسپۆرتی لە جیهاندا ریزبەند کراوە.
لە ئێستادا تاکی عێراق گەر بیەوێت گەشتی دەرەوەی وڵاتەکەی بکات، بەبێ ڤیزا تەنها دەتوانێت گەشتی 30 وڵاتی جیهان بکات لەوانەش، مالیزیا، ئێران، هایتی، سریلانکا، دۆمینیکا، زامبیا،مەدەغەشقەر و چەند شوێنێکی دیکە.
جگە لەوەش هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقی دەتوانن گەشت بۆ 20 وڵاتی جیهان بکەن و لە کاتی گەیشتنیان بەو وڵاتە ڤیزا وەربگرن، لەوانەش، ماڵدیڤ، بۆرۆندی، بۆلیڤیا، تەیموری رۆژهەڵات، دورگەکانی قەمەر، جیبۆتی، رواندا، کەمبۆدیا، لوبنان، مۆریتانیا، مۆزەمبیق و چەند وڵاتێکی دیکە.
هاوکات هاوڵاتیانی عێراقی، دەتوانن بە ڤیزای ئەلکترۆنی، تەنها گەشت بۆ دوو وڵاتی جیهان بکەن، ئەوانیش هەریەکە لە سریلانکا و کینیایە.
لە بەرامبەردا هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقی، گەر بیانەوێت گەشت بکەن بۆ 199 وڵاتی جیهان، پێویستە ڤیزای پێشوەختە وەربگرن لەوانەش، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سەرجەم وڵاتانی رێکخراوی یەکێتی ئەوروپا.
هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقی، بۆ وەرگرتنی ڤیزای پێشوەختە، پێویستە بەڵگەنامەی پشتیوانی پێویست و توانای دارایی پێویست دەستەبەر بکەن، بۆ تێچووی گەشتەکەیان و گەڕانەوەشیان.
دیاریکردنی ریزبەندی پاسپۆرتی عێراقی لەبەرامبەر پاسیۆرتی وڵاتانی دیکەی جیهان، لەسەر بنەمای ژمارەی ئەو وڵاتانە دیاریدەکرێت، کە رێگە دەدرێت بە هەڵگرانی بێ وەرگرتنی ڤیزا بتوانن گەشتی بۆ بکەن.
لە ئێستادا عێراق خاوەنی چوار جۆر پاسپۆرتی ئەلکترۆنییە، ئەوانیش پاسپۆرتی ئاسایی هاوڵاتیان، پاسپۆرتی دیپلۆماسی، پاسپۆرتی تایبەت، پاسپۆرتی خزمەت.
بەگوێرەی داتاکانی دامەزراوەی هێنلی کە بنکەی سەرەکی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە، پاسپۆرتی سینگاپوور بەهێزترین پاسپۆرتی جیهانە کە هەڵگرانی رێگەیان پێدەدرێت گەشتی 195 وڵات بکەن بەبێ ڤیزا.
لە پاسپۆرتی ئەلکترۆنی نوێی عێراقیدا، سەرجەم زانیارییە کەسییەکانی هەڵگری پاسپۆرتەکە لەسەر جی پییەک هەڵگراوە و لە کاتی وەرگرتنی لە فڕۆکەخانە و خاڵە سنورییەکان، بەشێوەیەکی ئەلکترۆنی دەتوانرێت سەرجەم زانیارییە کەسییەکانی ناوی بزانرێت.
24/07/2024