راگەیەندراوی هاوبەشی هەماهەنگیی ئەمنیی عێراق و ئەمریکا
بە گوێرەى راگەیاندراوى وەزارەتى بەرگریی ئەمریکا، عێراق و ئەمریکا لەسەر دروستکردنى کۆمسیۆنێکى باڵاى سەربازىی دوو لایەنە رێککەوتن تا هەڵسەنگاندن بۆ مەترسییەکانى داعش لە عێراق و ناوچەکە بکرێت، ئەمەش لە چوارچێوەى گفتوگۆکانى پرسى کشانەوەى هێزەکانى هاوپەیمانان لە عێراق.
شاندێکى ئەمنیی عێراق لە واشنتن، بۆ پرسى کشانەوەى هێزی هاوپەیمانان لە عێراق گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانى ئەمریکا دەکات، لەو چوارچێوەیەشدا وەزارەتى بەرگریی ئەمریکا، دەڵێت ئەرکێکى دیکەى کۆمیسیۆنەکە هەڵسەنگاندنە بۆ تواناکانى سوپاى عێراق، لە رووبەڕووبوونەوەى چەکدارانى داعش و مەترسییەکانى.
هەردوو شاندى ئەمریکا و عێراق، دانیان بەو هەنگاوە بەرچاوانەدانا، کە هاوپەیمانی جیهانی لە بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراقدا بەدەستیهێناوە، هەردوولاش پابەندبوون بە هاوکاریی بەردەوام و لەنێویاندا ئۆپەراسیۆنەکانی سوریای دراوسێ دووپاتکردەوە.
هەروەها لە گفتوگۆکەدا تیشک خرایە سەر دەستپێشخەرییەکانی فراوانکردنی بەرنامەکانی مەشقی هاوبەش و مانۆڕە سەربازییەکان لە ژێر فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، کە گرنگن بۆ پاراستنی ژێرخانی ئەمنیی عێراق، گفتوگۆکان بە ڕێککەوتنی هاوبەش بۆ بە فەرمیکردنی هاوکارییە ئەمنییەکانی داهاتوو.
لەراگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکادا گفتوگۆکانی هەردوولایەن بە سەرکەوتوو ناوبردووە ئاماژەش بەوەکراوە گفتوگۆکە هەنگاوێکی بەرچاوە لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی ئەمریکا و عێراقدا، کە جەخت لەسەر پابەندبوونە هاوبەشەکان دەکاتەوە بۆ شکستپێهێنانی داعش و بەرزکردنەوەی ئاسایشی ناوچەکە.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکادا ئەوەشهاتووە، دانوستانەکان بە سەرۆکایەتی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و وەزارەتی بەرگریی عێراق، تیشکیان خستە سەر بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری عێراق بەپێی ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی ئەمریکا و عێراق لە ساڵی 2008، وەزیری بەرگریی عێراق سابت ئەلعەباسی لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەمریکا و لۆید ئۆستین و بەرپرسانی باڵای دیکە کۆبووەوە بۆ چەسپاندنی پلانەکانی هاوکاری قووڵتر.
دووەمین دیالۆگی هاوکاری هاوبەشی ئاسایشی ئەمریکا و عێراق کە لە 22 - 23ـی تەمموزی 2024 بەڕێوەچوو، بەگوێرەی راگەیەندراوەکە دیالۆگەکە لەسەر گفتوگۆکانی پێشوو و سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە مانگی نیسانی ئەمساڵ و دیالۆگی دەستبەکاربوونی ساڵی رابردوو ئەنجامدراوە.
24/07/2024