بۆ کردنەوەى گرێکوێرەى پۆستى پارێزگارى کەرکوک پارتى پێشنیازێکى کۆن زیندوو دەکاتەوە
کێ و کام لایەن پۆستی پارێزگار کەرکوک وەربگرێت، ناکۆکى دیارى نێوان پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانى کوردستانە، بەڵام ئاماژەى نزیکبوونەوەش دەرکەوتوون.
بە گوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، بۆ یەکلاکردنەوەى پۆستى پارێزگارى کەرکوک، پارتى دیموکراتى کوردستان داواى زیندووکردنەوەى پێشنیازێکى شەش ساڵ لەمەوبەر دەکات، کە لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانى کوردستان دانوستاندنى لەسەر کردووە، ئەویش دانانى پارێزگارێکى بێلایەنە.
عەلی حوسێن، بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی سلێمانی - هەڵەبجە - راپەڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دواى کۆبوونەوەى لەگەڵ جەعفەر شێخ مستەفا، سەرۆکی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندیە باڵاکانی یەکێتی رایگەیاند، لەسەر پرسى پاریزگارى کەرکوک گفتوگۆیان لەگەڵ یەکیێتیی کردووە بەڵام نەگەیشتونەتە هیچ ئەنجامێک، دانیبەوەدانا کە بۆ وەرگرتنى پۆستى پارێزگارى کەرکوک حیزبەکەى پشتیوانى لە بەربژێرێکى سەربەخۆى کورد دەکات.
ئەمە لەکاتێکدایە، یەکێتیى پۆستى پارێزگارى کەرکوک بەشاستەى هەڵبژاردنى خۆى دەزانێت، ئەمەش لە زارى جەعفەر شێخ مستەفاوە دووپاتکرایەوە.
کەناڵ8 ئەوەى زانیوە، پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ یەکلاکردنەوەى پۆستى پارێزگارى کەرکوک، جگەلە کەسێکى بێلایەن پشتیوانى لە بژاردەیەکى دیکە دەکات، کە بەرەى تورکمانى پێشکەشیکردووە و داواى بەڕێوەبردنى پۆستى پارێزگار کردووە بەشێوەى خولى لە ێوان هەر سێ پێکهاتەکەدا.
کەناڵ8 زانیویەتى، ئێستا ناوى هەریەک لە "دڵشاد پیرۆت و عەبدولرەحمان مستەفا" لەسەر مێزى دانوستاندنەکانى پارتی و تورکمان و بەشێک لە لایەنەکانى پێکهاتەى عەرەبە.
24/07/2024