بۆچی دابەزاندنی كێش بۆ خانمان قورسترە؟
ژنێک و پیاوێک پێکەوە دەست بە دابەزاندنی کێش دەکەن، هەردووکیان بە هەمان وزە و مەبەستەوە هەوڵدەدەن. رەنگە پێتوابێت هەردووکیان هەمان بڕ لە بارستایی لەش دادەبەزێنن، بەڵام لە بنەڕەتدا پیاوەکە کێشی زیاتر دادەبەزێنێت بە بەراورد بە خانمەکە.
بەگوێرەی بۆچوونی زانایان بەشێکی ئەم بابەتە پەیوەندی بە جینەکانەوە هەیە. دەشێت بوونی هەندێک جین لە خانماندا ئاڵناگارییەکی گەورەتر لەبەردەم لەدەستدانی كێشی لەشدا دروستبکات.
خانمان، بە بەراورد بە پیاوان، بەگشتی چەورییەکی زیاتر لە لەشیاندا هەیە و قەبارەی ماسولکەکانیان بچووکترە، ئەمەش خۆی لە خۆیدا کاریگەرییەکی گەورەی لە سیستمی زیندەچالاکیی لەش و چۆنیەتیی بەکارهێنانی وزەدا دەبێت. لەبەرئەوەی پیاوان کێشی ماسولکەکانیان زیاترە، ئاستی پرۆسەی زیندەچالاکی و بەکارهێنانی وزە لە لەشیاندا بەرزترە، ئەمەش خۆی لە خۆیدا وا دەکات لەدەستدانی کێش ئاسانتر ببێت.
هۆرمۆنەکانیش پەیوەندییەکی پتەویان بە پرسی دابەزاندنی کێشەوە هەیە. هۆرمۆنەکانی ئیسترۆجین و پرۆجیسترۆن کاریگەرییەکی گەورەیان لە پرۆسەی عەمبارکردنی چەوری و شێوازی خواردندا هەیە. ئاشکرایە ئافرەتان و پیاوانیش هۆرمۆنی جیاواز لە لەشیاندا هەیە، کەواتە ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە جەستەی ئەم دوو رەگەزە وەڵامی جیاوازیان بۆ خواردنی خۆراک هەیە.
جیاوازییەکی دیکە لەنێوان پیاوان و ژناندا، بریتییە لەوەی کە هۆرمۆنەکانی لەشی خانمان بە درێژایی ژیان گۆڕانکارییەکی زۆریان بەسەردا دێت. لە ماوەی دووگیانی و سووڕی مانگانەدا، گۆڕانکاری بەسەر ئاستی هۆرمۆنەکانی لەشی خانماندا دێت، ئەمەش خۆی لە خۆیدا هۆکارە بۆ زیادبوونی بارستایی لەش و دروستبوونی لەمپەری زیاتر لە دابەزاندنی کێشدا.
چۆن خانمان بەسەر ئەم گرفتەدا زاڵببن؟
وێڕای هەموو ئەم ئاڵنگارییانەی لەبەردەم خانماندا هەیە، بەڵام دەشێت لەم هەوڵەدا سەرکەوتووببن. بێگومان هۆکارەکانی سەرکەوتنی خانمان لە دابەزاندنی کێشی جەستەدا، بەگشتی خۆیان دەبیننەوە لە پابەندبوون بە کۆمەڵێک رێنمایی تەندروستیی گشتگیر لە میانی هەوڵەکەدا:
- بەردەوامیدان بە راهێنان: گرنگە خانمان لە هەفتەیەکدا بە لایەنی کەمەوە دوو جار و نزیکەی 20 بۆ 30 خولەک راهێنان ئەنجام بدەن، تاوەکو بتوانن کێشی لەشیان لە سنوورێکی خوازراودا بهێڵنەوە.
- بەرنامەی خۆراکیی گونجاو: پەیڕەوکردنی بەرنامەیەکی خۆراکیی گونجاو بۆ دابەزاندنی کێش، بۆ نموونە کەمکردنەوەی کاربۆهیدرات و زیادکردنی ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ڤیتامین و کانزاکان، کاریگەرییەکی بەرچاوی لە بەرەوپێشچوونی پرۆسەی کێشدابەزاندندا دەبێت.
25/07/2024