حکومەتی عێراق دیزاینى پڕۆژەی میترۆى بەغداد پەسەندکرد

حکومەتی عێراق، دیزاینکردنی دوو کۆمپانیاى فەڕەنسى و ئیسپانى پەسەندکرد، بۆ جێبەجێکردن پڕۆژەی میترۆ لە بەغدادى پایتەخت.

ناسر ئەسەدی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروبارى پلان راگەیاند، تێچووی پڕۆژەکە بە 18 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت و پێشبینی دەکرێت لە ماوەی چوار ساڵدا تەواو بێت.

ئەسەدی ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆژەکە لە چوارچێوەى هەوڵەکانى عێراقە بۆ پابەندبوون بە پاراستى ژینگە، بە کەمکردنەوەى بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل.

بە گوێرەى دیزاینى پڕۆژەکە، میترۆی بەغداد، درێژییەکەی 148 کیلۆمەترە، 64 وێستگە و حەوت هێڵی سەرەکی لەخۆدەگرێت، کە رۆژانە تواناى گواستنەوەى 3 ملیۆن سەرنشینى هەیە و خێراییەکەى 100 کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا.

پلانی پڕۆژەی شەمەندەفەری میترۆ لە پایتەختی عێراق بۆ یەکەمجار لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا داڕێژرا، بەڵام بەهۆی جەنگى چەندین ساڵە و سزا نێودەوڵەتییەکان پەکخرا.