جەواهیری... هەوڵێک بۆ نووسینی شیعری نوێی کلاسیکی عەرەبی

حەسەن فەلاح 2 کاتژمێر پێش ئێستا

محەممەد مەهدی جەواهیری، یەکێکە لە گەورەترین شاعیرانی مێژووی عێراق و جیهانی عەرەبی، لە خێزانێکی زانستپەروەر لەدایکبووە و هەر لە منداڵییەوە باوکی خواستوویەتی ببێت بە زانا و لە 10 ساڵییەوە لەسەر زانست و خوێندەواریی گەورە بووە.

لە منداڵییەوە زانستەکان فێربووە

جەواهیری ڕێکەوتی 26ی تەمموزی 1899 لەدایکبووە، سەرەتای خوێندنی لەسەر قورئان بووە و پاشان لەسەر دەستی گەورە زانایانی سەردەمی خۆی فێری زانستەکانی نەحو، سەرف، بەلاغە و فیقهی ئیسلامی بووە، ڕۆژانەش یەک گوتاری لە نەهجی بەلاغە و پەخشانێکی لە دیوانی موتەنەبی لەبەرکردووە.

بۆ خۆشەویستی نیشتمان و پیاهەڵدان شیعری نووسیوە

هەر لە تەمەنێکی کەمەوە خولیای شیعری بۆ  پەیدابووە، یەکەم کۆمەڵە شیعریی خۆی بۆ خۆشەویستی نیشتمان و پیاهەڵدان نووسیوە، گەرچی سەرەتای کارکردنی وەکو مەلا بووە، بەڵام شێوازی ژیانی خۆی گۆڕیوە و لە بواری ڕۆژنامەوانییدا کاری کردووە.

دیارترین تایبەتمەندیی شیعرەکانی جەواهیری برەودانی بووە بە کەلەپووری عەرەبی، زۆرێک لە ڕەخنەگرانی ئەدەب بەچەشنێک وەسفی ئەم شاعیرە دەکەن، کە هاوشێوەی نییە و پاش موتەنەبی، هیچ کەسێک نەیتوانیوە وەکو جەواهیری گوزارشت لە دەوڵەمەندیی شیعری عەرەبی بکات.

دۆستی کورد بووە

جەواهیری بە دۆست و هاوڕێی کورد ناسراوە، خەباتی نەتەوەیی کوردی بەلاوە گرنگ بووە، چەندین شیعری بۆ کورد و کوردستان نووسیوە، بەناوبانگترینیان (کوردستان موطن الأبطال: کوردستان جێی قارەمانانە)، هاوکات دۆستایەتی لەگەڵ جەلال تاڵەبانی هەبووە، ئەو کاتەی لە وڵاتی ڕووسیا بووە پزیشکەکان ڕێنماییان کردووە کە نابێت تیشکی خۆر بەر سەری بکەوێت، لە دیمانەیەکدا ئەم بابەتە بۆ جەلال تاڵەبانی باسدەکات و ئەویش کڵاوێکی کوردی بە دیاری پێشکەش کردووە، کە لەسەری نووسراوە (یان کوردستان یان نەمان)، ئەم کڵاوە وەکو وەفایەک بۆ خۆشەویستی کورد هەمیشە لەسەری کردووە، لە شارەکانی سلێمانی و هەولێر پەیکەری بۆ درووستکراوە. 

بەنزیکەی 100 ساڵ ژیاوە

جەواهیری ڕێکەوتی 27ی تەمموزی 1997 لە تەمەنی 98 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە و پاش خۆی هەگبەیەکی دەوڵەمەندی لە شیعری عەرەبیی جێهێشتووە، لە دیارترین کارەکانیشی بریتین لە:

ماڵئاوایی

بیرەوەرییەکان

شەهرەزاد

ئانیتا

پاریس

حەسەن فەلاح

2 کاتژمێر پێش ئێستا