جۆرج بێرنارد شۆ.. ئەو شانۆنووسەی گرنگی بە پرسە کۆمەڵایەتییەکان داوە
جۆرج بێرنارد شۆ، یەکێک بووە لە دیارترین شانۆنووس، ڕەخنەگر و چالاکوانە سیاسییەکانی ئێرلەندا، کە توانیویەتی لەڕێگەی گۆشەنیگا تایبەتییەکانیەوە، کاریگەریی لەسەر کولتوور، سیاسەت و دیمەنی شانۆیی جیهانی ڕۆژئاوا دروستبکات.
لە لەندەن ژیاوە
لە سەدەی بیستەمدا، جۆرج بێرنارد شۆ یەکێک بووە لە دیارترین کەسایەتییە ڕۆشنبیرەکان، ڕێکەوتی 26ی تەمموزی 1856 لەدایکبووە و پاشان ڕووی لە شاری لەندەن کردووە بەمەبەستی خوێندن و زۆربەی کاتەکانی ژیانی لەم شارەدا بەسەربردووە.

زیاتر لە شەش شانۆیی هەیە
لەماوەی ژیانی ئەدەبی و هونەریی خۆیدا، توانیویەتی زیاتر لە شەش شانۆیی بنووسێت، کە بەشێوەیەکی گشتی جەختیان لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان کردووەتەوە و سەرنجیان لەسەر نادادپەروەرییەکانی سیستمی چینایەتیی بووە.
بێرنارد شۆ هەوڵی بەردەوامی داوە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی لە ئاستی کۆمەڵایەتییدا، باوەڕی بە توندوتیژی نەبووە و ئەندامێکی کارای کۆمەڵگەی فابیان بووە، کە بیرۆکەی ڕەسەنیان ڕیفۆڕم و چاکخوازیی کۆمەڵگە بووە.
شانۆییەکانی بێرنارد شۆ پڕن لە ڕەخنە، ڕەخنە بەرامبەر بە کۆمەڵگە و بەها ئەخلاقییەکانی، خاوەنی زمانێکی هاوچەرخ بووە و ئەمە هۆکارێک بووە بۆ ئاسانیی تێگەیشتن و جێبوونەوەی خێرای کارەکانی لە سنووری کۆمەڵگەدا.

نۆبڵی هەیە
لە سایەی نووسین و دروستکردنی کاریگەرییدا، توانیویەتی ساڵی 1925 ببێت بە براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەب بە ناونیشانی "بۆ ئەو کارانەی کە بە ئایدیاڵیزم و مرۆڤدۆستیی دەستنیشانکراون، بەکارهێنانی ڕەخنە لەڕێگەی جوانییەکی شیعرییەوە"، ئەمەش لەکاتێکدایە توانیویەتی ببێت بە براوەی خەڵاتی نۆبڵ و ئۆسکار، کە بەهۆی فیلمی "Pygmalion"ـەوە پێی بەخشراوە و وەرگیراوە لە شانۆییەکی ڕەسەنی خۆیەوە.
لە دیارترین کارەکانی بریتین لە:
Pygmalion 1912
Man and Superman 1903
Candida 1894
Arms and the Man 1894
جۆرج بێرنارد شۆ، ڕێکەوتی دووی تشرینی دووەمی 1950 لە تەمەنی 94 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.
1 کاتژمێر پێش ئێستا