هەنگاوە کردارییەکانى سودانى بۆ پێکهێنانى حکومەتى خۆجێى کەرکوک چڕبوونەتەوە
لە کاتێکدا بانگەشەى ئەوە گەرمە کە بەشێک لە لایەنە عەرەبییەکان و تورکمان و پارتى دیموکراتى کوردستان لەسەر پێکهێنانى حکومەتى خۆجێى کەرکوک رێککەوتوون، بەڵام محەمەد شیاع سودانى پەیامێکى دیکەى بەلایەنەکانداوە، کورتەکەشى ئەوەیە نابێت ئەو هێزانەى دەنگیان هێناوە لە دەرەوەى هاوکێشەکە بن.
لە پرۆسەى پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوکدا، هەنگاوە کردارییەکانى سەرۆکوەزیرانى عێراق چڕبوونەتەوە. لەماوەى 72 کاتژمێرى رابردوودا بەجیا لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتەى عەرەب و تورکمان لەئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک کۆبووەوە.
ئەحمەد رەمزى، لە هاوپەیمانى بەرەى تورکمانى و بەشدار لە کۆبوونەوەکە، بەکەناڵ8ـى راگەیاند، "بەگوێرەى رێكکهوتنێكى پارتی، عەرەب و تورکمان، دواى سەد ساڵ پۆستى پارێزگارى کەرکوک بۆ تورکمانێک دەبێت".
بەڵام راگەیەندراوى نوسینگەى محەمەد شیاع سودانى لەسەر کۆبوونەوەکە شتێکى دیکەى تێدا بوو.
سەرۆکوەزیرانى عێراق، جەختی لە بەشدارى هەموو پێکهاتە و هێزەکان کردووەتەوە و پەراوێزخستنى ئەو لایەنانەى رەتکردوەتەوە کە دەنگیان هێناوە، وەک ئاماژەیەک بۆ یەکێتیى نیشتمانى کوردستان، کە زۆرترین دەنگى لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک هێناوە.
بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، سودانى پەیامێکى دیکەشى داوە ئەویش ئەوەیە دەستتێوەردانى وڵاتانى هەرێمایەتى لە پێکهێنانى حکومەتى خۆجێى کەرکوک رەتکردووەتەوە و گوتویەتى دەستوەردانى دەرەکى سەقامگیرى کەرکوک تێکدەدات. ئەوەش پاش ئەوە دێت میدیاى فەرمى تورکیا بڵاویکردەوە بە هەوڵى تورکیا، عەرەبەکان و تورکمان و لایەنێکى کوردى لەسەر دانانى پارێزگارێکى تورکمان رێککەوتوون.
بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، بەشێک لە پێکهاتەى عەرەبى لەگەڵ رێککەوتنێکدا نین کە هێزێکى براوەى تێدا پەراوێزبخرێت.
عەلى قەڵاى، لێپرسراوى ناوەندى هەڵبژاردنەکانى یەکێتیی لە پارێزگاى کەرکوک- سەلاحەدین، کە حیزبەکەى پارێزگار بە مافى خۆى دەزانێت، دەڵێت، سەرۆکوەزیرانى عێراق رژدە لەسەر جێبەجێکردنى یاساى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک، کە جەخت لە پێکهێنانى حکومەتى خۆجێى بە بەشدارى سەرجەم پێکهاتەکان دەکاتەوە.
11ـى تەممووز ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک یەکەم کۆبوونەوەى کرد، بەگوێرهى یاساش دەبێت لەماوەى 30 رۆژدا پارێزگار هەڵبژێردرێت، ئێستا نیوەى ئەو ماوەیە لەبەردەم لایەنەکان ماوە.
27/07/2024