چۆن ئاژەڵە ماڵییەکان بە شێوازێکی دروست بەخێوبکرێن؟ پسپۆڕێک وەڵامدەداتەوە
لە رۆژگاری ئەمرۆدا بەخێوکردنی ئاژەڵە ماڵییەکان بووە بە باسوخواسی بەشێک لە هاونیشتمانییان. پەیڕەوکردنی میکانیزمی گونجاوی مامەڵەکردن و رێگریکردن لە تووشبوونی ئاژەڵەکان بە نەخۆشی، رێکارێکی گرنگی پرۆسەی بەخێوکردنی ئاژەڵە ماڵییەکانە
پشیلەی ماڵی
لە میانی چاوپێکەوتنێکی کەناڵ8ـدا، د. رێبوار باهیر، پسپۆڕی ڤێتەرنەری، باسی لە بەخێوکردنی پشیلە کرد و ئاماژەی بەوەدا کە هەموو ئاژەڵێک تایبەتمەندیی خۆی هەیە و پێویستە بە شێوازی تایبەتیی خۆی بەخێوبکرێت. پشیلە بە نموونە، حەز بە جێگای بەرز دەکات، بۆیە دەبێت لە شوێنێکی بەرزدا لانەی بۆ دروستبکرێت و لەلایەکی دیکەشەوە شوێنی تایبەت بە پیساییکردنی لە دەرەوەی ماڵەکەدا بۆ دروستبکرێت. هەڵبەتە شێوازی فێرکردنی پشیلەکە بۆ پیساییکردن لە شوێنێکی دیاریکراودا، بریتییەلە راهێنانپێکردنی پشیلەکە تاوەکو لەوێدا پیسایی بکات، ئەویش لەڕێگەی خۆشەویستکردنی ئەو شوێنە لەلای ئاژەڵەکە.
هاوکات یەکێکی دیکە لە لایەنە گرنگەکان بریتییەلە پێدانی سۆز و دروستکردنی خۆشەویستی لەلای پشیلە. گرنگە رۆژانە پیاسەی دەرەوەی پێبکرێت، چونکە پشیلەکانیش حەز بە ژینگەی سروستیی دەرەوە دەکەن. بە کورتی، گرنگە پشیلەکان لەلای ئەو کەسەی بەخێودەکرێن هەست بە سەلامەتی و گرنگیپێدان بکەن.
نەخۆشییە ئاژەڵییەکان
پزیشکەکە گوتی: ”یەکێک لە نەخۆشییە مەترسیدارەکان بریتییەلە نەخۆشیی دەردە پشیلە. ئەگەر خانمان لە ماوەی دووگیانیدا تووشی ئەم نەخۆشییە ببن، رەنگە منداڵەکەیان لەباربچێت. بۆیە پێویستە لە میانی دەستکردن بە بەخێوکردنی پشیلەدا، پشکنینی گونجاوی بۆ ئەنجامبدرێت و دڵنیایی وەربگیرێت سەبارەت بە سەلامەتیی بارودۆخی تەندروستیی پشیلەکان. بێگومان دەکرێت لەڕێگەی پشکنینی خوێنەوە بەشی زۆری نەخۆشییە گوازراوەکان دەستنیشانبکرێن.“
”لە میانی بەخێوکردنی ئاژەڵە ماڵییەکانیشدا، گرنگە بەردەوام چاودێریی تەندروستیی ئاژەڵە ماڵییەکان بکرێت، چونکە هەندێک جار تووشی گەنە دەبن. هەڵبەتە گەنە بە دیاریکراوی لەو شوێنانەی پێستی ئاژەڵە ماڵییەکاندا کۆدەبێتەوە کە تووکیان کەمە. لە کاتی کڕینی ئاژەڵی ماڵیدا، دەکرێت لەڕێگەی بەکارهێنانی شانەی تایبەتمەندەوە پشکنینی بوون و نەبوونی گەنە بکرێت. بێگومان ئەم گرفتەش چارەسەری هەیە و دەتوانرێت لەڕێگەی دەرمان و شامپۆی تایبەتمەندەوە چارەسەربکرێت.“ پسپۆڕەکە بەم جۆرە باسی لە گرفتی سەرهەڵدانی گەنە کرد.
د. رێبوار باسی لەوەش کرد، پشیلە ترسێکی زۆری لە گسکی کارەبایی ناوماڵ هەیە، هاوتەریب لەگەڵ ترسێکی بەردەوام لەو ئامێر و کەرەستانەی بۆ بڕینی تووکی پشیلە بەکاردەهێنرێن، گرنگە لەم بارودۆخەدا بە نەرمی و وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
سەگی ماڵی
یەکێک دیکە لەو ئاژەڵانەی هاونیشتمانییان حەز بە بەخێوکردنی دەکەن، سەگی ماڵییە. بێگومان بەخێوکردنی سەگی ماڵیش کۆمەڵێک یاسا و رێسای تایبەت بەخۆی هەیە و دووبارە دەبێت لەو شوێنەی لێی دەژین هەست بە ئارامی و سەلامەتی بکەن.
پەیوەست بە پشکنینی ئەم ئاژەڵە، پزیشکەکە گوتی: ”بەگشتی ئەم پشکنینانەی بۆ پشیلە باسکران، بۆ سەگی ماڵیش نزیکەی 90%ـیان بە هەمان شێوەیە، بەڵام شێوازی بەخێوکردنی سەگ، جیاوازە لە پشیلە. گرنگە ئەوانەی ئاژەڵ بەخێو دەکەن خۆیان رابهێنن لەگەڵ شێوازی جڵەوکردنی ئاژەڵەکاندا، تاوەکو بتوانن لە میانی تووشبوون بە هەر گرفتێکدا ئاژەڵەکان بە ئاسانی هێوربکەنەوە و کۆنترۆڵیان بکەن.“
خواردن و ئاژەڵی ماڵی
سەگ و پشیلە بەگشتی حەزیان لە گۆشتە، بەڵام گرنگە ئێسکی ماسی و مریشک نەخرێتە بەردەستی ئاژەڵەکان، چونکە دەشێت ببنەهۆی بریندارکردنی قوڕگ، هاوکات دەبێت بە تەواوی خواردنەکان بکوڵێنرێن.
پزیشکەکە گوتی: ”سەگ و پشیلە زۆر هەستیارن بە هەوکردنی گەدە، بۆیە نابێت خواردنی نەکوڵاوییان پێبدێت. هاوکات ئاساییە ئەو خواردنانەی لە ماڵەکان دەمێنێتەوە، لەوانەش برنج، کە سەرچاوەیەکی سەرەکیی کاربۆهیدراتە، بە ئاژەڵە ماڵییەکان بدرێن. وێڕای هەموو ئەمانەش، نابێت بەهارات، سیر و بیبەری توون لە خواردنی ئەم ئاژەڵانەدا هەبن، چونکە زۆر هەستیارن بەم خۆراکانە.“
28/07/2024