سوپاى تورکیا لە دوو گوندى ئامێدى دەکشێتەوە

چەند سەربازێکى تورکیا لەکاتى گەڕان و پشکنین لەناوچە سنوورییەکان. فۆتۆ: وەزارەتى بەرگریى تورکیا
چەند سەربازێکى تورکیا لەکاتى گەڕان و پشکنین لەناوچە سنوورییەکان. فۆتۆ: وەزارەتى بەرگریى تورکیا

سوپاى تورکیا لە دوو گوندى کانى ماسى سەر بە شارۆچکەى ئامێدى دەکشێتەوە، بەڵام بە گوندنیشینانى راگەیاندووە، هێشتا رێگەیان پێنادرێت بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان.

بە گوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، درەنگانێکى شەوى شەممە، سوپاى تورکیا لە هەردوو گوندى، میسکا و دەرلاگێى سەر بە شارۆچکەی ئامێدى کشاوەتەوە، بێ ئەوەى ئاماژە بە هۆکارى کشانەوەکە بکرێت.

سەرچاوەیەک لە گوندەکانى کانى ماسى بە کەناڵ8ى گوت، تا رۆژى هەینیش هیچ ئاماژەیەک نەبووە بۆ نیازی کشانەوە لەلایەن سوپاى تورکیاوە لەو دوو گوندە.

ئەدیب مەجید، سەرۆکی شارەوانی گوندی میسکا لە شاردێی کانی ماسی لە پارێزگای دهۆک زانیارییەکانى بۆ کەناڵ8 پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند،  سوپاى تورکیا لەو دوو گوندە کشاوەتەوە، بەڵام تا ئیستاش ڕێگە نادرێت ئەو خێزانانەى بەهۆى شەڕەوە گوندەکەیان جێهێشتووە بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵى خۆیان و لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە ڕێگەیان پێنادرێت.

کشانەوەى هێزەکانى سوپاى تورکیا لەو دوو گوندە، هاوکات بووە لەگەڵ شەڕ و پێکدادانى سوپاى تورکیا و چەکدارانى پارتى کرێکارانى کوردستان لە گوندی شیلازا، کە بەهۆیەوە بۆ چەند کاتژمێرێک ئاگر لە گوندەکە کەوتەوە.

گوندى میسکا و دەرلاگێ لە دەوربەرى کانى ماسى لە شارۆچکەى ئامێدى دەکەوێتە باکورى خۆرهەڵاتى پارێزگاى دهۆک و پێشتر 165 خێزان لەو دوو گوندە ژیاون کە زۆرینەیان لە پێکهاتەى کریستیان بوون، بەڵام کەمتر لە سێ خێزان لەو دوو گوندە ماونەتەوە.