ئەردۆغان: هێز دەنێرینە ناو خاکی ئیسرائیل

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا. فۆتۆ: AP
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا. فۆتۆ: AP

سەرۆککۆماری تورکیا هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات و دەڵێت: هاوشێوەی کاراباخ و لیبیا دەچینە ناو خاکی ئیسرائیلیشەوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی لە میانی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ رێکخستنەکانی پارتەکەی لە پارێزگای ریزە، لە باکووری تورکیا، ئاماژەی بەوەکرد پێویستە بەهێز بن بۆ ئەوەی نەهێڵن ئەوەی بەرامبەر فەڵەستین دەکرێت بەردەوام بێت و رایگەیاند، هاوشێوەی چوونە نێو قەرەباخ و لیبیا دەتوانن ئەوە دژی ئیسرائیلیش ئەنجامبدەن و هیچ هۆکارێک نییە کە هێز نەنێرینە ناو خاکی ئیسرائیلەوە.

گوتیشی، تەنیا دەبێت ئێمە بەهێز بین بۆ ئەوەی ئەم هەنگاوانە بهاوێژین. وەک ئەوەی کە ئێمە ئەمڕۆ هەموو قسەیەک دژی ئیسرائیل دەکەین، لەگەڵ ئەواندا هەموو بازرگانییەکمان راگرتووە و پەیوەندییەکانمان پچڕاندووە.