بەرپرسێکی دیکەی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکوک دەستگیرکرا
بەرپرسێکی دیکەی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکوک بە تۆمەتی دیارنەمانی نەوتی خاو دەستگیرکرا، بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی لەسەر ئەو کەیسە دەستگیرکراون گەیشتە پێنج کەس.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو بەرپرسەی کۆمپانیای نەوتی باکوور پەیوەندی بەکەیسی وێستگەی سارەلوی سنوری قەزای دووبزەوە هەیە و لە بەشی هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت کاریکردوە.
لەچەند رۆژی رابردوودا هێزێکی حکومەتی عێراق کە لەبەغدادوە چووبوونە کەرکوک، چەند کەسێکیان لە کۆمپانیای نەوتی باکور بەتۆمەتی ناردنی رێژەیەکی نەوتی زیاتر لە وێستگەکەوە بۆ پاڵاوگەیەک لەسنوری هەرێمی کوردستان دەستگیرکرد.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، تاوەکو ئێستا پێنج کەس بەهۆی کەیسەکەی وێستگەی سارەلو بەتۆمەتی ناردنی نەوتی زیاتر لە رێژەی دیاریکراو دەستگیرکراون.
هەفتەی رابردوو سەرچاوەیەکی تایبەت بە کەناڵ8ـی راگەیاند، سێ فەرمانبەرانی کۆمپانیای نەوتیی باکوور کە یەکێکیان کوردە و دوانیان عەرەب بوون لە شارۆچکەی دووبز بە تۆمەتی دیارنەمانی بڕێک نەوتی خاو دەستگیرکراون.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، فەرمانبەرەکان لەلایەن هێزێکی ئەمنی سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە تۆمەتی دیارنەمانی بەشێك لە نەوتی خاوی کۆمپانیاکە دەستگیرکراون و دەستگیرکراوەکان خاوەن بەرپرسیارێتین.
30/07/2024