هۆکارەکانی ناڕێکیی سووڕی مانگانە چین؟ پسپۆڕێک وەڵامدەداتەوە

د. ئیسرا ئیسماعیل، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون
د. ئیسرا ئیسماعیل، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون

سووڕی مانگانە پرۆسەیەکە کە تێیدا هێلکە ئامادە دەبێت بۆ پیتاندن و ناوپۆشی منداڵدان ئامادە دەکرێت بۆ پرۆسەی دووگیانی، بەڵام کاتێک هێلکە بە نەپیتراوی لە جۆگەی ڤالووپدا دەمێنێتەوە و سووڕەکەی تەواو دەکات، لەو کاتەدا ئاستی هۆرمۆنەکانی ئیسترۆجین و پرۆجیسترۆن دادەبەزێت و ناوپۆشی ئەستووربووەکەی منداڵدان دەکرێتە دەرەوە.

د. ئیسرا ئیسماعیل، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون، لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵ8ـدا باسی لە سووڕی مانگانە و هۆکارەکانی ناڕێکیی ئەم سووڕە کرد و گوتی: ”سووڕی مانگانەی ئاسایی لەنێوان 21 بۆ 35 رۆژدایە و ماوەی کەوتنە سەر خوێنیش سێ بۆ حەوت رۆژە ، بە جۆرێک بڕی خوێنەکە نزیکەی 60 بۆ 80 ملیلترە.“

پزیشکەکە ئاماژەی بەوەدا، دواکەوتنی سووڕی مانگانە بە جۆرێک کە ماوەی مانگێک یاخود زیاتر لە کاتی خۆی لابدات، ئاسایی نییە و لەو کاتەدا دەبێت سەردانی پزیشکی پسپۆڕبکرێت، خۆ ئەگەر خانمەکە ئەو بڕە خوێنەی لە لەشی دەچێتە دەرەوە زۆر زیاتر یاخود کەمتر بێت لە ئاستی ئاسایی، یاخود تووشی ئازارێکی ماوەدرێژ ببێت، واتا ئازارێک ماوەکەی زیاتربێت لەوەی کە خۆی بە ئاسایی لە ماوەکانی کۆتایی سووڕی مانگانەدا روودەدات، لەو حاڵەتەدا دووبارە پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت.

هۆکارەکانی ناڕێکیی سووڕی مانگانە

د. ئیسرا باسی لەوە کرد، بەکارهێنانی هەندێک دەرمان کاریگەری لەسەر سووڕی مانگانە دەبێت، لەوانەش دەرمانی دەروونی، فشاری خوێن، هەستیاری و شێرپەنجە. بەدیکردنی ئەم گرفتە سروشتی و ئاساییە. هاوکات، دابەزینی کێش بۆ ئاستێکی نائاسایی، دووبارە هۆکارە بۆ سەرهەڵدانی ناڕێکی لە سووڕی مانگانەدا.

کۆنیشانەی فرەکیسیی هێلکەدان، تێکچوونی چالاکیی غوددە و ژێرمێشکە رژێن هەموویان کاردەکەنە سەر سووڕی مانگانە، یانیش دەشێت بوونی گرێ و پارچە گۆشتی زیادە لە منداڵداندا هۆکاربێت بۆ تێکچوونی سووڕەکە. ناڕێکی خەو، خواردنەوە گازییەکان، خواردنە خێراکان و ئەنجامنەدانی وەرزش، سەرجەمیان هۆکارن بۆ دروستبوونی ناڕێکی لە سووڕی مانگانەدا.