فرانز لیست داهێنەری کۆنسێرتی تاکژەنی پیانۆ لە مێژوودا

فرانز لیست یەکێکە لە دیارترین موزیکژەن، مامۆستا و موزیکدانەرانی سەردەمی رۆمانتیکی لە موزیکی کلاسیکی رۆژئاوادا. ئەو هەر لەتەمەنی منداڵییەوە بەهرەی موزیکژەنینی تیادا دەرکەوتووە، بە یەکێک لە ناوازەترین ژەنیاریانی ئامێری پیانۆ دادەنرێت.

فرانز لیست لە 22 تشرینی یەکەمی 1811 لە گوندێکی بچوک بەناوی ریدینگ لە هەنگاریا لەدایک بووە، گەرچی لە ماوەی ساڵانی خوێندنی لە ڤیەنا بە موزیکدانەرە گەورەکانی وەک: بتهۆڤن و شۆبێرت ئاشنابووە، بەڵام زیاتر لە هەر یەکێک لە موزیکدانەرەکانی موزیکی کلاسیک و رۆمانتیک بە شاکارەکانی ڤایۆلینژەنی ئیتاڵی پاگانینی سەرسام بووە. راستە فرانز لیست لە گوندێکی بچووکی هەنگاریا لەدایکبووە، بەڵام باوکی بەڕێوەبەر بووە لە ماڵی یەکێک لە گەورەترین بنەماڵەکانی هەنگاریا کە بنەماڵەی ئیستەرهازی بوو. ئەم بنەماڵەیە هەمان ئەو بنەماڵەیەن کە هایدن لە ماوەی ژیانی هونەریدا خزمەتی کردوون.

سەرەڕای ئەوەی بنەماڵەی لیست لە گوندێکی بچووکدا دەژیان، بەڵام هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەی حەزیان لە هونەر و بەتایبەتی موزیک بووە. باوک و باپیری لیست هەردووکیان موزیکژەنی بە ئەزموون و لێهاتوو بوون، جگە لە پیانۆ و ئۆرگ، باپیری ڤایۆلینی دەژەند و باوکیشی چەلۆ، پیانۆ و گیتاریشی دەژەند.

باوکی لیست موزیسیانێکی بەتوانا بوو، هەرچەندە بە شێوەیەکی پیشەیی موزیکی نەدەژەنی، زیاتر وەک بەڕێوەبەری بۆنەکانی بنەماڵەی ئیستەرهازی بوو، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی بە نزیکەی هەموو ئەندامانی ئەم بنەماڵەیە لە هونەرزان و موزیکژەن بوون، لیست لە تەمەنی تەنها حەوت ساڵیدا خوێندنی موزیکی بە شێوەیەکی رشدی دەستپێکردووە و لە ژێر چاودێری باوک و باپیری فێری ژەنینی پیانۆ بووە.

دوای ساڵێک لە دەستپێکردنی خوێندن و ڕاهێنانەکانی، ئیدی لە ئاهەنگ و بۆنەکاندا موزیکی پێشکەش دەکرد، بەمەش سەرنجی خەڵکێکی زۆری بۆ لای خۆی ڕاکێشا. بەهرە و هێزی لیست وایکرد، لە تەمەنی هەشت ساڵیدا لەلایەن دەوڵەمەندەکانی گوندەکەیان و بنەماڵەی ئیستەرهازییەوە نێردرا بۆ ڤیەنا، ئەوان خەرجی خوێندن و ژیانیان بۆ دابین دەکرد، لەپێناو ئەوەی باشتر ئاشنایەتی لەگەڵ موزیکدا پەیدا بکات و خوێندنی موزیک دەستپێکات. بە هۆکاری ئەوەی باوکی هاوڕێیەتی لەگەڵ هایدن و بتهۆڤندا هەبووە، تا راددەیەک ئەم هەنگاوە بۆ باوکی فرانز لیست ئاسان بوو، هەر بۆیە پاش وەرگرتنی پاڵپشتییە داراییەکان لەگەڵ لیستی کوڕیدا هەنگاریا جێدەهێڵن و دەچنە ڤیەنا. بەپێی گێڕانەوە مێژووییەکان کاتێک لە فرانز لیست بۆ یەکەمجار لەبەردەم بیتهۆڤن پیانۆی ژەنیوە، زۆر پێی سەرسامبووە و تەنانەت پاش پێشکەشکردنی پارچە موزیکەکانی بتهۆڤن سەری ماچکردووە.

فرانز لیست یەکەم کۆنسێرتی خۆی لە شاری ئەدینبۆرگ لە ساڵی 1820 ئەنجامدا، ئەو کاتە تەمەنی تەنها نۆ ساڵ بوو. ئەو تا تەمەنی سی ساڵان نەگەڕایەوە بۆ زێدی خۆی زیاتر لە میونشن، ستراسبۆرگ و شتوتگارت کۆنسێرتە تاکژەنەکانی پێشکەش دەکرد. لیست لە تەمەنی منداڵیدا هەمان ئەوهەستەی بە گوێگرەکان دەدا، کە مۆزرات لە تەمەنی منداڵیدا ناوبانگی پێ پەیداکردبوو، بەڵام جیاوازی ئەو دوو منداڵە لەوەدا بوو کە مۆزارت لەو کاتەدا تەمەنی تەنها شەش ساڵ بوو و توانایەکی نائاسایی لە نووسینی نۆت و موزیکداناندا هەبوو.

لەو کاتەی کە لیست لە سەرەتای تەمەنی لاوێتیدا بوو، باوکی کە یەکێک بوو لە گەورەترین پاڵپشتەکانی کۆچیدوایی کرد، ئەم لەدەستدانە، کاریگەری گەورەی لەسەر ژیانی لیست بەجێهشت، چونکە ئیدی بڕیاریدا دەست بە پیانۆژەنین بکات بۆ ئەوەی خەرجی خۆی و خێزانەکەی پەیدا بکات، لە هەمان کاتدا وانەی پیانۆژەنین بە منداڵان و گەنجان بڵێتەوە، هەر لەو تەمەنەیدا عاشقی یەکێک لە قوتابیەکانی دەبێت، بەڵام باوکی کچەکە بە هۆکاری ئەوەی کە وەزیری پاشای فەرەنسا بووە، ئەم پەیوەندییەی قبوڵ نەکردوو و فرانز لیستی لە ماڵەکەی فڕێداوەتە دەرەوە.

فرانز لیست بەم رووداوە تووشی خەمۆکی و بێدەنگی دەبێت، پاش ماوەیەک بڕیاردەدات ڕوو لە ئایین بکات و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش دەچێتە کڵێسا و لەوێ دەست بەخوێندنی وانەی ئایینی دەکات، بەو ئامانجەی پلەی قەشەیی بەدەستبهێنێت.

هەرچەندە لیست بەسەرجەم بە مەشق و ڕاهێنانی کڵێسادا تێپەڕیبوو، بەڵام بەم شێوەیە بەردەوام نەبوو و جارێکی دیکە دەستیکرد بە موزیکدانان و گەڕایەوە بۆ نێو کارە موزیکییەکانی.

دوای بەسەربردنی ماوەیەک لە سەرگەردانی، دواجار قۆناغێکی نوێ لە ژیانی فرانز لیست دەستی پێدەکات، ئەویش دوای ئەوەی بیست و پێنج پارچەی داهێنەرانە بە ناوی "Pilgrimage years" دەنوسێت،  ئەو لە گەشتە جۆراوجۆرەکانیدا بۆ سویسرا و ئیتاڵیا ئەم پارچانەی نووسیوە و تێیدا لایەنی جۆراوجۆری گەشت و دیمەن و تێبینییەکانی خۆی دەربڕیوە، هەموویان بوونەتە هەوێنی ئەو شاکارانە کە وەک قۆناغێکی گرنگی ژیانی موزیکی ناوی دەبرێت.

ناوبانگ و گەڕانەوەی فرانز لیست بۆ گۆڕەپانی کۆنسێرتەکان راستەوخۆ دوای کۆتاییهاتنی گەشتە زۆرەکانی بوو، لەم ماوەیەدا لە هەر بۆنەیەکدا دەردەکەوت، دەبووە جێی سەرنجی خانەدانەکان و رێزێکی زۆری لێدەگیرا.  فرانز لەم قۆناغەدا وەک یەکەم هونەرمەند لە مێژووی موزیکی کلاسیکیدا دەرکەوت، کە بەتەنها خۆی وەک تاکژەنی پیانۆ کۆنسێرتەکانی پێشکەش دەکرد. بە داهێنان و شێوازی ژەنینی بەرهەمی هونەرمەندە گەورەکانی وەک باخ، بیتهۆڤن، مۆزارت، شۆپین و شوبێرت، سەرنجی گوێگرانێکی زۆری بۆ کۆنسێرتەکانی رادەکێشا.

ڕەخنەگرانی موزیک "فرانز لیست" بە مەزنترین پیانۆژەنی جیهان لە هەمانکاتدا وەک داهێنەری کۆنسێرتی سۆڵۆ ناودەبەن، گەرچی ئەم ناونیشانە بۆ کەسانی وەک شۆپین و رەخمانینۆف بەکارهاتووە، بەڵام جیاوازییەی لیست لەگەڵیاندا ئەوەیە، کە ئەوان تەنها بەرهەمەکانی خۆیان دەژەند، بەڵام فرانز هەموو ئەو پارچانەی لەلایەن دانەرانی دیکەوە بۆ پیانۆ نوسرابوون دەژەندەوە، بە شێوازە تایبەتەکەی لە ژەنینی پیانۆدا گیانی بەبەر شاکارەکاندا دەکردەوە. لیست بە درێژایی ژیانی دڵسۆز بوو بۆ موزیکدانەران و پیانۆژەنەکانی پێش خۆی. هەر بەو عەشقەوە دوو کتێبی کۆکراوەی بەناوی: بەرهەمەکانی باخ بۆ ئۆرگ، هەروەها نۆ سەمفۆنیای بیتهۆڤن، نوسیوەتەوە. لیست لە کارە موزیکییەکانی بەردەوام بوو، دوایین گەشتی لە ساڵی 1886 بوو، لەو ماوەیەدا سەردانی پاریس، لەندەن، برۆکسل و ڤایماری کردبوو. ئەم گەشتە وەک گەشتێکی ماڵئاوایی لەو شارانە دەهاتە بەرچاو کە گەواهیدەری شکۆمەندی و پێشکەوتنی ئەو بوون. لیست لە کۆتایی تەمەنیدا، کە حەفتا و پێنج ساڵ ژیا، جل و بەرگی قەشەیی لەبەردەکرد، وەک پیاوانی ئایینی پەیوەست بە ڕۆما، کە پایەی (پاپایەتیان) هەبوو هەڵسووکەوتی دەکرد. بە کاریگەری ئەم قۆناغەی تەمەنی ئەو موزیکانەی دەینووسین بریتی بوون لە: ئۆراتریۆ، کانتاتا، و ماس کە زیاتر بە موزیکی ئاینی ناسراون و لە بۆنە ئایینیەکاندا پێشکەشدەکران. دواجار لە 31ی تەمموزی 1886 فرانز لیست بەهۆی هەوکردنی سییەکانەوە کۆچی دوایی کرد، بەڵام ناوی فرانز لیست وەک یەکێک لە کەسایەتییە کاریگەر و دیارەکانی نێو مێژووی موزیک مایەوە.