پنتاگۆن: رێککەوتن لەگەڵ تۆمەتبارى سەرەکى روداوەکانى 11ـى سێپتەمبەر کراوە

ساتى رووخانى دوو تاوەرى بازرگانیى لە نیویۆرک بەهۆى هێرشەکانى 11ـى سێپتەمبەرەوە
ساتى رووخانى دوو تاوەرى بازرگانیى لە نیویۆرک بەهۆى هێرشەکانى 11ـى سێپتەمبەرەوە

وەزارەتى بەرگرى ئەمریکا رایگەیاند، لەگەڵ داڕێژەری هێرشەکانی 11ـى ئەیلول، خالید شێخ محەمەد و دوو تۆمەتباری دیکە رێککەوتنیان کردووە، بۆ ئەوەی دان بە تاوانەکەیاندا بنێن لە بەرامبەر کەمکردنەوەی ئەو سزایانەی لە دژيان دەردەکرێت.

بەگوێرەى هەواڵێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ئەم رێککەوتنە رێگە بە خالید شێخ محەمەدی پاکستانی دەدات خۆی لە دادگاییکردنێک بەدوور بگرێت کە رەنگە رووبەڕووی سزای لەسێدارەدان ببێتەوە، لە بەرامبەردا سزای زیندانی هەمیشەیى بەسەردا بسەپێندرێت.

رۆژنامەکە باسیلەوەشکردووە، رێککەوتنەکە لەگەڵ دوو تۆمەتباری دیکە ئەنجامدراوە کە هاوکات لەگەڵ خالید شێخ محەمەد بۆ ماوەی دوو دەیە لە گوانتانامۆ راگیراون، ئەوانیش وەلید بن عەتاش و مستەفا ئەلهەوساوی بوون.

لە مانگی ئازاری ساڵی 2022، پارێزەرانی ئەو سێ دەستگیرکراوە پشتڕاستیانکردەوە، دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر سزایەک لە بەرامبەر دانپێدانان بە تاوانەکەیاندا بەڕێوەدەچێت.

لە 11ـى ئەیلولى 2001، لەلایەن رێکخراوى ئەلقاعیدەوە زنجیرەیەک هێرش لە ئەمریکا لە رێگەى فڕۆکەى نەفەرهەڵگرەوە ئەنجامدران، دوو لە هێرشەکان بۆ سەر هەردوو تاوەرى بازرگانیى جیهانى لە شارى نیویۆرک بوون کە تاوەرەکان رووخان.

هاوکات، هێرشى سێیەم بۆ سەر تەلارى وەزارەتى بەرگریى ئەو وڵاتە ناسراو بە "پنتاگۆن" بوو، هێرشى چوارەمیش پێش گەیشتن بە ئامانجەکەى لەلایەن سەرنشینەکانیەوە شکستیپێهێنرا و فڕۆکەکە کەوتەخوارەوە و تەقییەوە، لە ئاکامى هێرشەکاندا زیاتر لە سێ هەزار کەس گیانیانلەدەستدا.

خالید شێخ محەمەد، پلانداڕێژەى هێرشەکانى 11ـى سێپتەمبەر