فراکسیۆنی یەکێتی و بابلیۆن: بڕیاری دواخستنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوکمان داوە

یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک. فۆتۆ: کەناڵ8
یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک. فۆتۆ: کەناڵ8

هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئێرادەمانە و بزووتنەوەی بابیلۆن رایانگەیاند، لەسەر داخوازی سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەشێک لەسەرکردەی هێزە سیاسییەکان، بڕیاریانداوە بەدواخستنی کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک بۆ سەرەتایی هەفتەی داهاتوو.

لەنوسراوێکدا بۆ یاریدەدەری ئیداریی پارێزگاری کەرکوک، کە راسپێردراوە بە بەڕێوەبردنی کارووبارە ئیداریی و داراییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک، هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە لەگەڵ بزووتنەوەی بابیلۆن دەڵێن، "لەسەر داخوازی سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەشێک لەسەرکردە سیاسییە نیشتمانییەکان، بڕیارییانداوە بە دواخستنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک، بۆ سەرەتایی هەفتەی داهاتوو".

ئاماژەبەوەشکراوە "دواخستنی کۆبوونەوەکە، پاش بەدیکردنی ئاماژەی ئەرێنی بووە لەلایەن بەشێک لە هێزە سیاسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک و داواکارییان بۆ پێدانی کاتی زیاتر بەمەبەستی ئەنجامدانی ئامادەکاریی بۆ بەشدارییکردنیان لە دانیشتنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگا".

باسلەوەشدەکەن، " لەپێناو پەرۆشیمان بۆ تەواوکردنی رێوشوێنەکانی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک بەبەشداریی تەواوی پێکهاتەکان، بەشێوەیەک خزمەت بە بەرژەوەندییەکان هاوڵاتیان بکات، بڕیاردراوە بە دواخستنی کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی ئەمڕۆ پێنجشەممە".

شەوی رابردوو، شەش ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک، لە نوسراوێکدا داوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوکیان کرد، بەمەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگری ئەنجوومەنەکە.