پێویستە خانمانی سەروو 35 ساڵ ئاگاداری ئەم پشکنینە بن!
دووگیانی قۆناغێکی هەستیاری ژیانی دایکانە، هەندێجاریش، جیا لە گرفتە جەستەییەکان، دەبێتە هۆی دروستبوونی دڵەراوکێ و خەمۆکی و رەنگە خانمان خەمی ئەوەشیان بێت کە رەنگە منداڵەکەیان گرفتی تەندروستیی هەبێت. هەرچەندە زۆرینەی کۆرپەکان بە تەندروستی لەدایکدەبن، بەڵام گرنگە دایکوباوکان ئاگاداری تەندروستیی کۆرپەلەکەیان بن لە کاتی دووگیانیدا و لەو قۆناغەدا بە هەستیاری چاودێریی گەشەکردنی کۆرپەلەکەیان بکەن.
بە شێوەیەکی گشتی، دوو جۆری سەرەکیی پشکنینی کاتی دووگیانی هەیە: دیاریکردنی پێشوەختە و دەستنیشانکردن. دیاریکردنی پێشوەختە بریتییە لەو پشکنینەی کە تێیدا ئەگەری توشبوونی کۆرپەلە بە نەخۆشییەک دیاریدەکرێت، واتا پزیشکی پسپۆڕ دیاریدەکات ئایا کۆرپەلەکە ئەگەری توشبوونی بە نەخۆشییەکی دیاریکراو زۆرە یان کەمە. دەستنیشانکردنیش ئەو جۆرەیە کە تێیدا نەخۆشییەکە دەستنیشاندەکرێت، واتا ئەگەر پشکنینی دیاریکردنی پێشوەختە ئەگەری توشبوونی کۆرپەلەکەی بە نەخۆشییەک دیاریکرد و ئەگەرەکە بەرزبوو، ئەوکات پشکنینی تایبەتتر دەکرێت بە گوێرەی تەمەنی دایکەکە، مێژووی خێزانی و مێژووی نەخۆشییەکانی دیکە. جیاوازی ئەم دوو جۆرە ئەوەیە کە دیاریکردنی پێشوەختە ناتوانێت بە شێوەیەکی دڵنیا نەخۆشییەکە دەستنیشانبکات و دەستنیشانکردن تاکە رێگەی دڵنیابوونەوەیە لەوەی ئایا کۆرپەلەکە ئەو نەخۆشییەی هەیە یان نا.
د. کانی محەمەد فەلاح، پرۆفیسۆری یاریدەدەر و پسۆڕی کۆرپەلەزانی و منداڵی بلووری، سەبارەت بە پشکنینی پێشوەختە، بە کەناڵ8ی گوت: "پشکنینی پێشوەختە دوو جۆرە، یەکێکیان پێش ئەوەی کۆرپەلەکە بگەڕێنینەوە ناو منداڵدانی دایکەکە. ئێمە لەو قۆناغەدا دەتوانین پشکنین بۆ منداڵەکە بکەین، لە رووی رەگەزەوە، لە رووی کرۆمۆسۆمەکانەوە، بۆ نموونە ئەگەر ناڕێکییەک یان نەخۆشییەکی کرۆمۆسۆمەکان هەبێت، کە دەکرێت ببێتە هۆی لەبارچوون و شکستهێنانی دانانی کۆرپەلەکە، دەستنیشاندەکرێت. هاوکات، ئەگەر خێزانێک، نەخۆشییەکی بۆماوەیی دیاریکراویان هەبێت و بیانەوێت دڵنیاببنەوە لەوەی کۆرپەلەکەیان توشی ئەو نەخۆشییە نابێت، دەتوانین پێشوەختە پشکنینی بۆ بکەین. ئەم پشکنینە بەتایبەت بۆ منداڵی بلووری دەکرێت و پشکنینی تایبەتی بۆ نەخۆشییەکی دیاریکراو بۆ دەکرێت."
سەبارەت بەوەی کام خانە کۆرپەلەییانە وەردەگیرێن و لە منداڵدانی دایکەکەدا دادەنرێنەوە، پزیشکە پسۆڕەکە بە کەناڵ8ی گوت: "پاش پشکنینەکان، ئەگەر دەرکەوت یەکێک لە خانەکان نەخۆشییەکەی هەیە، بەکارناهێنرێت و خانەیەکی تەندروست کە نەخۆشییەکەی تێدانییە، دەگوازرێتەوە بۆ منداڵدانی دایکەکە. هاوکات بەشێکی دیکەی پشکنینەکان بۆ ئەو خانمانە دەکرێن کە بە شێوەیەکی سرووشتی دووگیان بوون و پێویستیان بە پشکنینی پێشوەختەیە، کە پرۆسەیەکی تەواو جیاوازە لەو پشکنینانەی بۆ منداڵی بلووری دەکرێت."
سەبارەت بەوەی کام دایکوباوکانە پێویستییەکی زیاتریان بە پشکنینی تاقیگەیی پێش چاندنی کۆرپەلەیە لە دۆخی منداڵی بلوریدا، پزیشکەکە گوتی: "پشکنینی بۆماوەیی رێگەدەدات پێش چاندن پشکنینی کۆرپەلە بکرێت، واتا پێش گواستنەوەی بۆ منداڵدان، ئەمەش زیاتر بۆ ئەو دایکوباوکانە پێشنیازدەکرێت کە ئەم مەرجانەیان تێدابێت: خانمەکە تەمەنی 35 ساڵ یاخود گەورەتر بێت، ئەو هاوسەرانەی گرنگی بە گواستنەوەی یەک کۆرپەلە دەدەن، ئەو هاوسەرانی گرنگی بە دیاریکردنی رەگەزی منداڵەکەیان دەدەن، لەبارچوونی دووبارە و سەرنەگرتنی چارەسەری منداڵی بلووری لە جارەکانی پێشتردا."
03/08/2024