سبەی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك و سودانی لە بەغداد كۆدەبنەوە
بڕیارە سبەی شەممە، فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە بەغداد كۆببنەوە و تاوتوێی پرسی پێكهێنانی ئیدارەی خۆجێی كەركوك و پارێزگاری شارەكە بكەن.
بەگوێرەی زانیارییەكانی كەناڵ8، بڕیارە سبەی شەممە 3ـی ئابی 2024، فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك، سەردانی بەغداد بكات.
هەر بەگوێرەی زانیارییەكان، فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆدەبێتەوە و تاوتوێی پرسی پێكهێنانی ئیدارەی خۆجێی كەركوك و هەڵبژارنی پارێزگاری شارەكە دەكەن.
هاوكات سبەی شەممە، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ هەریەکە لە فراکسیۆنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بابلیۆن لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک کۆدەبێتەوە و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک و هەڵبژاردنی پارێزگار لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە دەبن.
كەناڵ8 زانیویەتی، كۆبوونەوەی فراكسیۆنەكانی یەكێتی و بابلیۆن و كۆبوونەوەی فراكسیۆنی پارتی لەگەڵ سودانی لە دوو كاتی جیاوازدا دەبن.
02/08/2024