هۆشدارییەکى بەپەلە لە ئەمریکاوە بۆ هاوڵاتییانى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست

لۆگۆی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
لۆگۆی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا

وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا داوا لە هاوڵاتییانى وڵاتەکەى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەکات، بەهۆى گرژییەکانى ناوچەکەوە هۆشداربن، چونکە بارودۆخى ئەمنى ناوچەکە ئاڵۆزە.

بەشى کاروبارى کونسوڵگەرییەکان لە وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە، بەهۆى گرژییەکانى ناوچەکە داوا لە هاوڵاتییانى وڵاتەکەى دەکات کە زۆر هۆشداربن، چونکە بارودۆخى ئەمنى ئاڵۆزە.

روونیشکراوەتەوە، لەوانەیە گرژییە ئەمنییەکان ببنە هۆى هەڵوەشانەوەى یاخود کەمکردنەوەى گەشتە ئاسمانییەکان بۆ ئیسرائیل و لەو وڵاتەشەوە بۆ دەرەوە.

بەهۆی كوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تارانی پایتەختی ئێران كە بۆ ئامادەبوون لە مەراسیمی سوێندخواردنی مەسعود پزیشكیان، سەرۆككۆماری نوێی ئێران چووبووە ئەو وڵاتە، گرژییەكانی نێوان ئیسرائیل و ئێران و هاوكات ئیسرائیل و بزووتنەوەى حەماس روویان لە زیادبوون كرد.

ئێران و بزووتنەوەى حەماس، ئیسرائیل بە كوشتنی هەنییە تۆمەتبار دەكەن و بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەگەری هەیە لە وەڵامی كوشتنی هەنییە هێرش بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام بدەن.