ئەمریکا و بەریتانیا داوا لە هاوڵاتییانیان دەکەن بەپەلە لوبنان جیبهێڵن
ئەمریکا و بەریتانیا داوا لە هاوڵاتییانی خۆیان دەکەن هەرچی زووە تکتێکی فڕۆکە ببڕن و بەپەلە لوبنان جێبێڵن، هۆکارەکەی ئەوەیە پێشبینیکراوە دۆخی ناوچەکە خراپتر ببێت.
لە رێگای باڵوێزخانەی خۆیانەوە لە بەیروتی پایتەختی لوبنان، ئەمریکا و بەریتانیا داواکارییەکەیان بڵاوکردووەتەوە.
دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لەلوتکەدایە و پێشبینیدەکەن دۆخەکە لەماوەی چەند رۆژی داهاتوو خراپتر بێت.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا گوتیشی: لە ئێستادا ئامۆژگاری من بۆ هاوڵاتییانی بەریتانی ئەوەیە بەپەلە لوبنان جێبهێڵن.
دوای هەڵوەشاندنەوەی گەشتی ئاسمانیی هێڵەکانی فڕۆکەوانیی ئەمریکا بۆ ئەو وڵاتە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە لوبنان لە راگەیەندراوێکدا داوای لە هاوڵاتییانی کرد بەپەلە لوبنان جێبهێڵن.
دۆخەکە بەجۆرێکە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا داوای هاوڵاتییانی خۆی کردووە، تکتی هەر شوێنێکیان دەستکەوت، سەفەر بکەن بەو مەرجەی لە لوبنان دوور بکەونەوە.
دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس و فوئاد شوکر، بەرپرسی باڵای حیزبوڵڵا و دەستە راستی حەسەن نەسروڵڵا، گرژی و ئاڵۆزیی ناوچەکە پێیناوەتە قۆناغێکی ئاڵۆزتر، هەریەک لە حیزبوڵڵای لوبنان و حەماس لەلایەک و ئێران لەلایەکی دیکە هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لە ئیسرائیل دەکەن و بۆ ئەوەش چەندین وڵات داوایان لە هاوڵاتییانیان کردووە لوبنان جێبهێڵن.
03/08/2024