سووڕی مانگانە چییە؟
سووڕی مانگانە بەشێکە لە چالاکییەکانی کۆئەندامی زاوزێی مێینە کە جەستە تەواو ئامادە دەکات بۆ ئەگەری دووگیانی، بەڵام ئایا بناغەی روودانی ئەم پرۆسەیە چۆنە؟
سووڕی مانگانە بریتییەلە پرۆسەی ئامادەکردنی هێلکە بۆ پیتاندن، هاوکات ناوپۆشی منداڵدانیش بۆ پرۆسەی دووگیانی ئامادە دەکرێت. ئەم سووڕە لەلایەن هۆرمۆنەکانەوە بەڕێوەدەبرێت؛ ژێرمێشکە رژێن و هێلکەدان کۆمەڵێک هۆرمۆنی جیاجیا بەرهەمدەهێنن و لەو رێگەیەوە سووڕەکە جڵەودەکەن. هۆرمۆنەکان بەگشتی بریتینلە هۆرمۆنی هاندەری تەندی زەرد (LH)، هۆرمۆنی هاندەری چیکڵدانە (FSH)، ئیسترۆجین و پرۆجیسترۆن.
ئەم هۆرمۆنانە دەتوانن وا بکەن ناوپۆشی ناوەوەی منداڵدان ئەستوورببێت، هاوکاتە هانی هێلکە دەدەن تاوەکو پێبگات و لە هێلەدانەوە دەربپەڕێتە نێو جۆگەی ڤالووپ. لەو شوێنەدا هێلکەکە چاوەڕێی سپێرم دەکات. ئەگەر سپێرم بە هێلکە بگات، لەو کاتەدا هێلکە پیتراوەکە دەچەقێتە نێو ناوپۆشی منداڵدان و پرۆسەی دووگیانی دەستپێدەکات. خۆ ئەگەر سپێرم بە هێلکە نەگات و نەپیتێنرێت، دووگیانی روونادات، بۆیە لەو کاتەدا رووپۆشی ناوەوەی منداڵدان، ئەو بەشەی ئەستووربووە، شیدەبێتەوە و دەکرێتە دەرەوە، ئەم قۆناغەی سووڕی مانگانە بە سووڕی کەوتنە سەرخوێن ناودەبرێت. ئەمە راڤەکردنی تەواوی سووڕی مانگانەیە.
ئەستووربوونی دیوارەی ناوپۆشی منداڵدان، هەنگاوێکی ئامادەکارییە بۆ دەستپێکی پرۆسەی دووگیانی، تاوەکو هێلکەی پێتێنراو بچەقێتە نێو ناوپۆشی منداڵدان و لەوێدا دەست بە گەشە و پەرەسەندن بکات، خۆ ئەگەر هێلکە نەپیتێنرێت، ئاستی هۆرمۆنەکانی ئیسترۆجین و پرۆجیسترۆن دادەبەزێت و لە ئەنجامدا شانەکانی ناوپۆشە ئەستووربووەکەی منداڵدان شیدەبنەوە.
مەودای سووڕی مانگانە بەگشتی 28 رۆژە، بەڵام دەکرێت ئەم سووڕە 21 بۆ 35 رۆژ بخایەنێت کە خۆی لە خۆیدا دیاردەیەکی ئاساییە و مایەی نیگەرانی نییە.
ماوەی کەوتنە سەرخوێن لەنێوان 3 بۆ 7 رۆژدایە و بڕی خوێنی دەردراو لەنێوان 60 بۆ 80 میلیلتردایە. هەر لادانێک لەم کات و بڕە، ئاسایی نییە و لە کاتی بەدیکردنی هەر لادانێکدا، دەبێت سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت بکرێت. هەڵبەتە ئەو خوێنەی دەکرێتە دەرەوە، بەشێکی خرۆکە سوورەکانە و بەشەکەی دیکەشی ئەو شانانەی ناوپۆشی منداڵدانە کە شیبوونەتەوە.
لە چ تەمەنێکدا سووڕی مانگانە دەستپێدەکات؟
تێکڕای تەمەنی دەستپێکردنی سووڕی مانگانە بریتییەلە تەمەنی 12 ساڵی، بەڵام دەشێت سووڕی مانگانە لە تەمەنی نێوان 9 بۆ 16 ساڵیدا دەستپێبکات. ئەمە سنووری ئاسایی تەمەنی پێگەیشتن و دەستپێکردنی سووڕی مانگانەیە. دوواکەوتن و پێشکەوتنی ئەم قۆناغە، گرفتە و پێویستە پشتگوێنەخرێت.
قۆناغی وەستانی تەواوەتیی سووڕی مانگانەش، بە تێکڕا لە تەمەنی 51 ساڵیدا دەستپێدەکات. لەم قۆناغەدا ئیدی هێلکە بەرهەم ناهێنرێت کە بە قۆناغی ”لەسووڕچوون“ ناودەبرێت.
نیشانەکانی دەستپێکی سووڕی مانگانە چین؟
هەندێک کەس لە ماوەی دەستپێکی سووڕی مانگانەدا کۆمەڵێک نیشانەیان تێدا دەردەکەوێت. توندیی نیشانەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت. نیشانەکانی بەگشتی بریتینلە:
- هەستکردن بە گرژبوونی ماسولکەکانی حەوز
- زیپکە
- گۆڕانی بارودۆخی دەروونی
- تێکچوونی خەو
- ژانەسەر
- بوونی ئارەزوو بۆ خواردنە دیاریکراوەکان
- هەستکردن بە توندبوونی سک
- ئازاری مەمک
04/08/2024