کەناڵ8 ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی مەسعود بارزانی لەگەڵ عەرەب و تورکمان ئاشکرادەکات
ئەمڕۆ لە هەولێر کۆبوونەوەی نێوان مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە پێکهاتەی عەرەب و تورکمان بەڕێوەچوو، کەناڵ8 ئاشكرایدەكات، لە کۆبوونەوەکەدا هاوپەیمانى عەرەبى بە سەرۆکایەتیى راکان جبورى، بژاردەى پارێزگارى کەرکوک بۆ پارتى و بەرەى تورکمانى بە شێوەى خولى، لەبەرامبەر پێدانى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگا بۆ عەرەب، پێشنیاز کردووە.
دواى یەکلابوونەوەى پۆستەکانى پارێزگاى دیالە، پێکهێنانى حکومەتى خۆجێی کەرکوک وەک پارێزگایەکى تاقانە لە عێراق ماوەتەوە، هەوڵەکانیش بۆ چارەسەرکردنى ئاڵنگارییەکانى بەردەم چڕکراونەتەوە.
مەسعود بارزانی، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی كوتلەی عەرەبی و توركمانیی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك و ژمارەیەك پارلەمانتار و سەركردەی سیاسی بە سەرۆكایەتیی خەمیس خەنجەر و حەسەن تۆران و راکان جبورى کرد.
بارەگای بارزانی دەڵێت، لەو كۆبوونەوەیەدا هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی پرسی پێكهێنانی حكوومەتی خۆجێی كەركووك تاوتوێکراوە.
کەناڵ8 ئەوەى زانیوە، لە کۆبوونەوەکەدا هاوپەیمانى عەرەبى بە سەرۆکایەتیى راکان جبورى، بژاردەى پارێزگارى کەرکوک بۆ پارتى و بەرەى تورکمانى بە شێوەى خولى، لەبەرامبەر پێدانى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگا بۆ عەرەب، پێشنیاز کردووە.
شۆخان حەسیب، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک لە فڕاکسیۆنى پارتى و ئامادەبوو لە کۆبوونەوەکەى بارزانى بە کەناڵ8ـی گوت، لە کۆبوونەوەکە مەسعود بارزانى رژدبووە لەسەر ئەوەى پۆستى پارێزگار سەرەتا بۆ بەربژێرێکى کوردبێت.
هاوکات سەلوە ئەحمەد عیدان، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگارى کەرکوک لە فراکسیۆنى بەرەى تورکمان بەشدار لە کۆبوونەوەى بارزانى بە کەناڵ8ـی گوت، لە دواى کۆبوونەوەى بارزانى، کۆبوونەوەیەکى دیکەى سەرکردەکانى پارتى، تورکمان و عەرەب لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.
گوتیشى" بژاردەى بەڕێوەبردنى پۆستى پارێزگار بۆ سێ خول تاوتوێدەکرێت و ئەگەر یەکێتیش رازى نەبوو بێتە ناو ئەو هاوپەیمانییە سێ قۆلیە پۆستەکانى بە بەتاڵى بۆ بەجێدەهێڵن".
ئەو کۆبوونەوەیەى ئەمڕۆ، هاوکاتە لەگەڵ چڕکردنەوەی هەوڵەکان محەمەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیرانى حکومەتى عێراق، بۆ ئەنجامدانی دووەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و هەڵبژاردنی پارێزگار و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی.
رۆژى شەممە، سوودانى سەرپەرشتى دوو کۆبوونەوەى بە جیا لەگەڵ فراکسیۆنى یەکێتی و پارتى لە ئەنجوومەنى پارێزگارى کەرکوک کردووە. بە گوێرەى زانیارییەکان، سەرۆک وەزیرانى عێراق، دانانى بەوەدا ناوە یەکێتیی براوەى یەکەمى هەڵبژاردنە، بەڵام دابەشکردنى پۆستەدان دەبێت بە رێککەوتنى سیاسى و تەوافوقى نیشتمانى و بەبەشدارى سەرجەم هێزە براوەکان بێت.
ئێستا كە دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگا بە كراوەیی ماوەتەوە، سودانی فشار دەكات بۆ ئەوەی تاوەكو رۆژی 11ی ئەم مانگە لایەنەكان بگەنە رێككەوتن، ئەگەر نەگەن، وەكو خۆی وتویەتی: كەسێك بە وەكالەت لە پۆستی پارێزگای كەركوك دادەنێت بۆ رایکردنى کارە کارگێڕییەکان.
هەوڵەکانى سودانى بۆ تەوافوق، نزیکە لە مەحاڵ، چونکە لایەنە سیاسییەکان بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون کە هیچ نزیکبوونەوەیەکیان بۆ دابەشکردنى پۆستەکان لە نێوانیاندا نییە.
04/08/2024