چوار جاری دیکە بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان جێبەجێنەکراوە
لە ماوەی نۆ ساڵدا حکومەتی هەرێمی کوردستان چوار جار بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان دراوە، دوای چوار جار لە بڕیاردانی حکومەت بۆ داخستنیان ژمارەی پاڵاوگە نایاساییەکان سێ هێندە زیادیکردووە.
كەناڵ8 ئاشكرای دەكات, لەماوەی نۆ ساڵدا چوار جار بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان دراوە، بەڵام نەك دانەخراون، بەڵكو ژمارەیان بۆ نزیكەی پێنج هێندە زیادیكردووە. بە جۆرێك ئێستا لە هەرێمى کوردستان 195 پاڵاوگەى نایاسایی هەن، کە 138یان لە پارێزگاى هەولێر و 31یان لە پارێزگاى دهۆک و 26یشیان لە پارێزگاى سلێمانیین، بەگوتەى شارەزایانى ژینگە، پاڵاوگە نایاساییەکان هۆکارى سەرەکى زیادبوونى ژمارەى توشبووانى شێرپەنجە و تێکدانى ژینگەن.
رۆژ 3ـی حوزەیرانى 2015، بە بڕیارى وەزارەتى سامانەسروشتییەکان، دوا وادەبوو بۆ داخستنى سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکان لە هەرێمى کوردستان و تەختکردنیان، کە ژمارەیان تەنیا 40 پاڵاوگەیە.
سێ ساڵ دواى ئەو بڕیارە و لە تشرینى یەکەمى 2018، جارێکى دیکە وەزارەتى سامانەسروشتییەکان، بە بڕیارێکى 21 خاڵى، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانى راسپارد، لە ماوەى 60 رۆژدا سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکان دابخرێن، بەڵام دواى سێ ساڵ لە بڕیارى پێشوو، ژمارەی پاڵاوگە نایاساییەکان سێ هێندە زیادیکرد.
کەمتر لە ساڵێک بەسەر رێنماییە 21 خاڵییەکەى 2018ـى حکومەت، جارێکى دیکە لە نیسانى2019 ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، بڕیارێکى دیکەى دەکرد و رایگەیاند، پێویستە سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکانی ھەرێمی کوردستان دابخرێن و سەرجەم کەلوپەلەکانیشیان کۆبکرێنەوە، بەڵام لە دواى بڕیارى سێیەمى داخستنیان، پاڵاوگەکان ژمارەیان بوو بە 169 پاڵاوگە.
دواى پێنج ساڵ لە سێ بڕیارەکەى پێشووى حکومەت، لە 4ـى ئابی 2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر رایگەیاند، لەپێناو ژینگەى پارێزگاکە، بڕیاریانداوە لەماوەى 10 رۆژدا سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکانى پارێزگاکە دابخەن کە ژمارەیان138 پاڵاوگەیە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەڵێت، جگە لە هەرسێ پاڵاوگەی قەیوان، كار و لاناز مۆڵەتیان بە هیچ پاڵاوگەیەكی دیكە نەداوە، بەڵام بەگوێرەى نوسراوى ژمارە 8545ى 15ـى ئەیلولى 2015 کە واژۆى ئاشتى هەورامى، وەزیرى پێشووى سامانەسروشتییەکانى پێوەیە، حکومەت مۆڵەتى کارکردنى بە26 پاڵاوگە داوە و کەرەستەى خامى بۆدابینکردوون.
دواى سێ بڕیارى یەکلاکەرەوەى حکومەت و پابەندکردنى وەزارەتى ناوخۆ بە جێبەجێکردنى، لە سێ کاتى جیاوازدا، نەتوانراوە کۆتایی بە پاڵاوگەى نایاسایی بهێنرێت، ئێستا هاونیشتمانییانى پارێزگاى هەولێر ترسیان لەوە هەیە ئەم بڕیارە پێچەوانەبێتەوە و هەر 138 پاڵاوگە نایاساییەکەى پارێزگاکە، کە بەگوتەى ئەوان بەرپرسانى باڵاى پارتى فەرمانڕەواى شارەکەى لەپشتە، بکرێن بەیاسایی و هەولێر بەتەواوى بخنکێنن.
دواى ئەو هەموو بڕیارە، ئێستا لە هەرێمى کوردستان195 پاڵاوگەى نایاسایی هەیە، کە 138 یان لە پارێزگاى هەولێر و 31 یان لە پارێزگاى دهۆک و 26یشیان لە پارێزگاى سلێمانیین، بەگوتەى شارەزایانى ژینگە، پاڵاوگە نایاساییەکان هۆکارى سەرەکى زیادبوونى ژمارەى توشبووانى شێرپەنجە و تێکدانى ژینگەن.
بەشێک لە هاونیشتمانییانیش دەڵێن، پێناچێت حکومەت بتوانێت 138 پاڵاوگەى نایاسایی لەماوەى هەفتەى داهاتوودا دابخات، پێدەچێت لەئێستاوە بەرپرسە باڵاکانى پارتى دیموکراتى کوردستان وەک پشت و پشکدار لە پاڵاوگە نایاساییەکان، پشتیوانى بۆ دانەخستن و بەیاساییکردنیان لە حکومەت بۆ کۆبکەنەوە.
05/08/2024