نووسینگەی نەتانیاهوو: ئیسرائیل رازی بووە لەسەر دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاگربەست لە غەززە

بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل. فۆتۆ: AFP
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل. فۆتۆ: AFP

نووسینگەی بینیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل رایگەیاند، رەزامەندییان لەسەر دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاگربەست لە غەززە نیشانداوە.

نووسینگەی نەتانیاهوو ئاشکرایکرد، ئیسرائیل تیمى دانوستانکار دەنێرێت بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی 15ی ئاب و هەوڵدەدەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی بارمتەکان.

ئەمریکا و میسر و قەتەر لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوایانکردووە، لە 15ى ئاب، حکومەتى تەلئەڤیڤ و بزووتنەوەى حەماس لە دەوحە یان قاهیرە، دانوستاندنەکان دەستپێبکەنەوە، بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان سەبارەت بە رێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتى غەززە.

بەیاننامەی کۆبوونەوەی ئەو سێ وڵاتە دەڵێت "کاتی ئەوە هاتووە رێککەوتنی ئاگربەست ئەنجامبدرێت، بارمتە و دەستگیرکراوان ئازاد بکرێن، نابێت هیچ بیانوویەک هەبێت لەلایەن هیچ لایەنێکەوە بۆ دواخستنی ئاگربەست لە غەززە، ئاماژە بەوەشکراوە ئاگربەستەکە دەبێت لەسەر بنەمای راسپاردەکانى جۆ بایدن سەرۆکى ئەمریکا بێت.