"ڤاکسینی خراپ بووەتەهۆی زیانێکی زۆر لە کێلگە پەلەوەرییەکان"

کێڵگەیەکی پەلەوەری کە نەخۆشییەکەی تێدا بڵاوبووەتەوە
کێڵگەیەکی پەلەوەری کە نەخۆشییەکەی تێدا بڵاوبووەتەوە

ماوەیەکە ڤایرۆسێک لەناو کێلگە پەلەوەرییەکاندا بڵاوبووەتەوە کە بووەتەهۆی مرداربوونەوەی هەزاران مریشک و زیانێکی زۆری بۆ خاوەنی كێڵگەکان بەدوای خۆیدا هێناوە.

لە چوارچێوەی بەدواداچوونێکی باڤێڵ عەبدولرەحمان، پەیامنێری کەناڵ8ـدا دەرکەوتووە، ئەو ڤایرۆسەی بڵاوبووەتەوە ڤایرۆسی نیوکاسڵە. خاوەنی کێڵگەیەکی پەلەوەری لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە کەناڵ8ـی راگەیاند "لە کۆی 30 هەزار مریشک کە لەناو کێڵگەکەیدا بوون، تەنیا 15 هەزاریان ماون"

نەخۆشیی نیوکاسڵ چییە؟

نەخۆشیی نیوکاسڵ، نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە کە تووشی باڵندە و پەلەوەرەکان دەبێت. زۆر بەخێرایی بڵاودەبێتەوە و کاردەکاتە سەر کۆئەندامی هەرس، هەناسە و دەماری باڵندەکان. ئەمەش دەبێتەهۆی هەناسەتوندی، سکچوون، وشکبوونەوە، ئیفلیجبوون و لاربوونەوەی ملی باڵندەکان. هەرچەندە دەکرێت نەخۆشییەکە تووشی هەموو باڵندەکان ببێت، بەڵام زیاتر لەناو کێلگە پەلەوەرییەکاندا بڵاودەبێتەوە.

نەخۆشیی نیوکاسڵ تاوەکو ئێستا هیچ چارەسەرێکی بۆ نەدۆزراوەتەوە، بەڵام دەتوانرێت لەڕێگەی بەکارهێنانی ڤاکسینەوە، رێگری لە نەخۆشییەکە بکرێت.

بۆچی ڤاکسین بۆ مریشکی کێڵگە پەلەوەرییەکان نەکراوە؟

نازم عەبدوڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان بە پەیامنێری کەناڵ8ـی راگەیاند: ڤاکسین بۆ مریشکەکان کراوە. بەڵام گرفتە سەرەکییەکە ئەوەیە کە دەبێت خاوەنی کێڵگە پەلەوەرییەکان خۆیان ڤاکسین بکڕن، لە کاتێکدا ئەو ڤاکسینانەی لە بازاڕەکاندا هەن، بەشێکی زۆریان کوالێتییان خراپە و ناتوانن رێگری لە نەخۆشییەکە بکەن.

بۆچی حکومەت ڤاکسین بۆ کێڵگەکان دابینناکات؟

لە زۆرینەی وڵاتانی جیهاندا، دابینکردنی ڤاکسینەکان ئیشی حکومەتە و تەنانەت رێگەش نادرێت لە بازاڕدا هیچ جۆرە ڤاکسینێک بفرۆشرێت. شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی بە کەناڵ8ـی گوت: دەبوو ئێمە، وەکو حکومەت دەرمان و ڤاکسینی پێویستمان بۆ هەموو کێلگەکان دابینکردبایە، بەڵام ماوەی 10 ساڵ دەبێت بودجەیەکی ئەوتۆ بۆ وەزارەتەکەمان دابینناکرێت؛ ئەمەش وایکردووە دەستەوەستان بین لە هاوکاریکردنی کێلگە پەلەوەرییەکاندا.

دەکرێت ڤایرۆسەکە بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە؟

بەڵێ، ڤایرۆسی نیوکاسڵ بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. بەڵام زۆرینەی کات هیچ نیشانەیەکی نییە و مەترسییەکی ئەوتۆش دروستناکات.